پایتەخت

پێشەوا هەورامانی: مەسرور بارزانی تووندە لەگەڵ ئەوانەی ئازاری سەرۆک حزب دەدەن

پێشەوا هەورامانی: مەسرور بارزانی تووندە لەگەڵ ئەوانەی ئازاری سەرۆک حزب دەدەن
کورتە

کێ لە پشت ئازاردانی سەرۆک حزبەکان و ناچارکردنیان بووە بە ڕێککەوتن؟

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەت بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر تیرۆرکردنی خەڵک، کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر ناکات.



ئەمڕۆ شەممە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەت پیاوێکی ئارام و میهرەبانە لە نزیکەوە، بەڵام کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە بنەماکان و مافی گەلەوە هەبێت، ئامادە نییە لە پێناو کۆکردنەوەی دەنگی هەڵبژاردندا سازش لەسەر کاری نایاسایی و قاچاخچێتی بکات.


 
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی هەمیشە داوا لە بەرپرسان دەکات ڕێزی خەڵک بگرن، چونکە بەپێی داتا و ژمارەکان لەم کابینەیەدا هەرێم گوازراوەتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە.


 
گوتەبێژی حکومەت دەڵێت: "هەمیشە سەرۆکی حکومەت دەرگای بۆ دانوستان کراوەیە، بەڵام توندە بەرامبەر ئەوانەی بە ڕۆژی ڕووناک خەڵک تیرۆر دەکەن، ڕۆژنامەنووس دەکوژن، سیاسی زیندانی دەکەن و سەرۆک حزبەکان ناچاری ڕێککەوتن دەکەن".



پێشەوا هەورامانی ڕوونیکردەوە، دژی قاچاخچێتی و کارگەی ماددەی هۆشبەرە و دەیەوێت داهاتی شارەکان بۆ خزمەتی خەڵکەکەی بێت. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە مەسرور بارزانی دەیەوێت هێزی پێشمەرگە هەمیشە خزمەتکار و پارێزەری خەڵک بێت، نەک ئامرازی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا، و ئەو پیاوێکی بێدەنگە کە کردارەکانی دەنگ و سەدایان لە تەواوی کوردستاندا هەیە.

06 حوزەیران 2026 23:54
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026