ئاو لە چەمچەماڵ بە حەوت ڕۆژ جارێک دابەش دەکرێت
ڕاگرتنی ئاوی سلێمانی بۆ چەمچەماڵ قەیرانێکی گەورەی دروست کرد
سەرەڕای زۆری ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ کێشەی کەمئاوی لە چەمچەماڵ و دەوروبەری سەری هەڵدایەوە و لە هەندێک ناوچە 9 ڕۆژ جارێک ئاو دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە ئاسۆ بەكر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، لە وەرزی هاویندا ناوچەکە ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی کەمئاوی دەبێتەوە، لە ئێستادا لە نێو سەنتەری قەزای چەمچەماڵ 7 ڕۆژ جارێک و لە شارەدێی شۆڕش 9 ڕۆژ جارێک ئاو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.
ئاسۆ بەکر ئاماژەی بەوە کرد، بارانبارینی زۆری ئەمساڵ کێشەی گرفتی کەم ئاوی چارەسەر نەکردووە، چونکە ئاوی چەمچەماڵ لە پڕۆژەی ئاوی سلێمانییەوە دابین دەکرێت و لە ئێستاشدا بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، دابینکردنی ئاوەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.
سەبارەت بە پڕۆژەی گرنگی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە، قایمقام ئاشکرای کرد، تا ئێستا تەنها 40%ی کارەکانی تەواو بووە و بەهۆی کەمیی پارەی کاش و کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆوە، کارەکانی بە خێرایی ناڕۆن بەڕێوە.
ئاسۆ بەکر ڕوونیکردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرفتە لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە پرۆسەی دابەشکردنی ئاوی تانکەر بە بەلاش بەسەر هاووڵاتییاندا دەست پێدەکات.