پایتەخت

11 هەزار شوێن داخراون و بەگریی شارستانیی عێراق هۆشداریی توند دەدات

11 هەزار شوێن داخراون و بەگریی شارستانیی عێراق هۆشداریی توند دەدات
کورتە

داوای زیادکردنی سزای سەرپێچیکردن دەکرێت بۆ ١٠ ملیۆن دینار

نەبوونی چاودێری و جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی لە ڕابردوودا چەندین ڕووداوی نەخوازراوی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق لێکەوتەوە، کەچی سەرەڕای ڕاگەیاندنی داخستنی ١١ هەزار شوێنی جیاواز بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی سەلامەتی، کەچی لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و جێگیرنەبوونی کاتژێرەکانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هێشتا مەترسی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە هەیە.


لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی گشتیی عێراق، ئاشکرای کرد لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەڵمەتێکی فراوانی پشکنینیان دەستپێکردووە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 11 هەزار باڵەخانە و پرۆژەی کەرتی تایبەتیان داخستووە، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە سەدان باڵەخانە و بازاڕی گەورە، کەمترین مەرجی سەلامەتی و پاراستن لە ئاگرکەوتنەوەیان تێدا نییە.


نەواس سەباح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانیی گشتیی عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە زۆرترین رێژەی سەرپێچی لە پارێزگاکانی ئەنبار، بەسرە و ناوچەی رەسافەی بەغدا تۆمارکراوە و بەتایبەتیش لە بازاڕە قەرەباڵغەکانی شۆرجە، جەمیلە، تاڵبییه و حارسییه. لەبارەی سەرپێچییەکانیشەوە، سەباح ڕوونیکردووەتەوە، تەنها نەبوونی ئامێری کوژاندنەوە نەبووە، بەڵکو بەکارهێنانی ماددەی بیناسازیی خێرا گڕگرتووی وەک سەندویچ پانێڵ و ئەلەیکۆبۆن، هەروەها گۆڕینی باڵەخانەی نیشتەجێبوون بۆ کۆگا لە ناوەندی بازاڕەکاندا، کە گەورەترین هەڕەشەن لەسەر ڕووداوی نەخوازراو.


گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە توندانەی بەرگریی شارستان عێراق دوای زنجیرەیەک کارەساتی دڵتەزێن دێن کە بەهۆی کەمتەرخەمی لە مەرجەکانی سەلامەتی، بوونە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتی بێتاوان، لەوانەش کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگێڕان لە قەزای حەمدانییە لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٢٠ کەس، هەروەها ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب لە بەغدا لە نیسانی 2021 کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 82 نەخۆش و برینداربوونی زیاتر لە 110 کەسی تر، ڕووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە ناسریە لە تەمموزی 2021، بەلایەنی کەمەوە، 92 کەس گیانیان لەدەستدا. دوایین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەش تەمموزی ساڵی ڕابردوو بوو لە مۆڵێکی شاری واست کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٦٠ کەس. سەرەڕای ڕووداوە دووبارەکانی بازاڕی شۆرجەی بەغدا کە زیانی ملیۆنان دۆلاری بە کاسبکاران گەیاندووە.


هاوکات بەرگریی شارستانیی عێراق داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات یاسای ژمارە 44ی ساڵی 2013 هەمواربکاتەوە، چونکە بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەو یاسایە لە بەرامبەر هەر سەرپێچییەکدا، سزای پێبژاردن لە نێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینار دیاریکراوە، ئەمەش بۆ خاوەن پرۆژە گەورەکان بڕێکی زۆر بچووکە و ناتوانێت رێگریان لێبکات، بۆیە داوای پێدانی دەسەڵاتی تەواو دەکات بە لێژنەکانی پشکنین بۆ داخستنی دەستبەجێی هەر شوێنێکی سەرپێچیکار و بەرزکردنەوەی سزای دارایی بۆ دە ملیۆن دینار.

06 حوزەیران 2026 21:00
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026