بڕیاری قەدەغەی سەر ڕاوە ماسی لادەچێت
وادەی کۆتاییهاتنی قەدەغەی ڕاوە ماسی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاوە ماسی لادەچێت و ڕاوچییەکان بەپێی ڕێنماییەکان دەتوانن دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، بە فەرمی بڕیاری قەدەغەی سەر ڕاوە ماسی لادەچێت، پرۆسەی ڕاوکردنەکە بۆ ماوەی سێ مانگی بەردەوام و تەنها بەپێی ڕێنماییە یاساییەکان دەستپێدەکاتەوە.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی تایبەت بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی ڕووبار و بەنداوەکان دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سامانی ماسی، و هیچ پلانێکیش بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنەکە لە ئارادا نییە.
بێستوون نەجمەدین هۆشداری تووند دەدات، کە ڕاوکردن دەبێت تەنها بە ڕێگای یاسایی بێت و بەکارهێنانی ژەهر، بۆمب، دەرمان و تۆڕی ورد بە تەواوی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی بەرپرسیاریەتی یاسایی دەبنەوە.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی باسی لەوە کرد، بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە، مەزندە دەکرێت بەرهەمی ماسی گەشەیەکی گەورە بەخۆوە ببینێت و زیاتر لە 4 ملیۆن لەسەرەمێکوتە و ماسی لە ئاوەکانی هەرێمدا هەبێت.