پایتەخت

بەهۆی زۆری بارانبارین و بەنداوە نوێیەکانەوە ئەمساڵ ٤.٨١ ملیار مەتر سێجا ئاوی زیاتر کۆگاکراوە

بەهۆی زۆری بارانبارین و  بەنداوە نوێیەکانەوە ئەمساڵ ٤.٨١ ملیار مەتر سێجا ئاوی زیاتر کۆگاکراوە
کورتە

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەندین دەیەی داهاتوو کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکات

پرسی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا تەنیا گرفتێکی خزمەتگوزاری نەبوو، بەڵکو گرفتێکی گەورەی بۆ هەموو هاووڵاتییان دروستکردبوو. بەهۆی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵیی بەردەوام، و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، وای کرد کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییانە پلانێکی گشتگیر و فرەڕەهەند دابڕێژێت. ئەم نەخشەڕێگە نوێیە لەسەر بنەمای گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان دامەزرا، لەبری پشتپەستن تەنها بە ئاوی ژێرزەوی بۆ پاراستن، کۆکردنەوە و گلدانەوەی ئاوی سەرزەوی.


ژێرخانی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە. بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی بەنداوەکانی هەرێم گەیشتووەتە ٢٥ بەنداو و ١١ بەنداوی دیکەش لە قۆناغی جیاوازی دروستکردندان، ئەمە جگە لە بوونی ١٧٨ پۆندی بچووک و مامناوەند کە وەک تۆڕێکی دابەشبوو لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکاندا هەن.


کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانی لە ماوەیەکی پێوانەییدا نۆ بەنداوی نوێ و ٢٣ پۆند بونیاد بنێت کە بە تێکڕا توانای گلدانەوەی ٢٥٢ ملیۆن و هەشت هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە. دیارترین ئەو بەنداوانەی لەم قۆناغەدا دروستکران بریتی بوون لە:


• بەنداوی دوین (پیرمام): بە بەرزی ٧٥ مەتر و توانای گلدانەوەی ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا.


• بەنداوی گۆمەسپان (پیرمام): بە بەرزی ٧٠ مەتر و توانای ٩٧ ملیۆن مەتر سێجا.


• بەنداوی دێوانە (دەربەندیخان): بە بەرزی ٤٢ مەتر و توانای ٢١ ملیۆن مەتر سێجا.


• بەنداوی بەستۆرە (پیرمام): بە بەرزی ٣٥ مەتر و توانای ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا.


• بەنداوی خنس (ئاکرێ/قەسرۆک): بە بەرزی ٣٤.٥ مەتر و توانای ٧ ملیۆن مەتر سێجا.


• بەنداوەکانی دیکەی وەک تووڕەجار لە کەلار، چەمرگە لە دەشتی هەولێر، شەوگێر لە کۆیە، و ئاقوبان لە شەقڵاوە، کە زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵی و پاراستنی ناوچەیی ڕۆڵ دەگێڕن.


ئەم پڕۆژە نوێیانە، شانبەشانی بەنداوە گەورەکانی وەک دوکان کە توانای ٦.٨ ملیار مەتر سێجا، دەربەندیخان کە توانای سێ ملیار مەتر سێجا و دهۆکیش توانای ١٥٢ ملیۆن مەتر سێجای هەیە، یارمەتیدەرێکی گەورە بوون بۆ گلدانەوەی ئاوی بارانی ئەمساڵ. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە بانکی ئاوی بەنداوەکان بازدانێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ٨.٤١ ملیار مەتر سێجا، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو تەنیا ٣.٥٩ ملیار مەتر سێجا بوو؛ ئەمەش واتە زیادبوونی ٤.٨١ ملیار مەتر سێجا ئاوی کۆگاکراوە لە ماوەی یەک ساڵدا.


ئەم گەشەسەندنە تەنیا لە ڕەهەندی ئاودا نەوەستایەوە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی وزەی خاوێن هەبوو، بە شێوەیەک کە بەرهەمهێنانی کارەبای هايدرۆلیکی لە ٦١ مێگاواتەوە لە ساڵی ڕابردوودا بۆ ١٧٥ مێگاوات لەمساڵدا بەرز بووەوە. پەرەپێدانەکە لێرەدا ناوەستێت، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی داڕشتووە بۆ دەستپێکردنی ١٨ بەنداوی نوێی دیکە کە شەشیان ستراتیژین لەگەڵ ٥٨ پۆند بۆ قۆناغەکانی داهاتوو.


لەسەر ئاستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی تەندروست بۆ هاووڵاتییان، هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکە کە پێکهاتووە لە ٢٥ وێستگەی گەورەی پاڵاوتن، ٤,٩٤٦ بیری ئاو و ٥٣٦ کانیی سروشتی، کە پێکەوە ڕۆژانە ٢ ملیۆن و ٥٦٤ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنن و بەسەر زیاتر لە ١ ملیۆن و ١٨١ هەزار هاوبەشدا دابەشی دەکەن.


یەکێک لە تاقیکردنەوە سەرکەوتووە ئەندازیاریەیکان لەم بوارەدا، جێبەجێکردنی پڕۆژەی "فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر" بوو بە گوژمەی نزیكەی ٤٨٠ ملیۆن دۆلار. ئەم پڕۆژەیە لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی بۆ دانرا و لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا بە ڕێژەی ١٠٠٪ تەواو کرا. پڕۆژەکە ڕۆژانە ٤٨٠ هەزار مەتر سێجا ئاو لە زێی گەورە وەردەگرێت و دەپاڵێوێت واتە نزیکەی ٢١ هەزار مەترس سێجا لە کاتژمێرێکدا و لە ڕێگەی چوار هێڵی بۆریی سەرەکییەوە دابەشی دەکات:


• بۆری یەکەم: ئاو لە سێبیرانەوە دەگوازێتەوە بە شەقامی ١٥٠ مەتریدا بۆ ناوچەکانی شێخەشل، گەزنە، بەحرکە، پیرزین، شاوێس، سێبەردان، پیڕەش و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.


• بۆری دووەم: لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتییەوە ئاو دەگەیەنێتە گەڕەکەکانی شەقامی بەحرکە.

 

• بۆری سێیەم: لە دەرەوەی شەقامی ١٢٠ مەترییەوە ئاو دابین دەکات بۆ مامزاوە، قەتەوی، ژیان، تۆبزاوە، دارەتوو، بنەسڵاوە، حەسارۆک و کەسنەزان.


• بۆری چوارەم: لە ناوەوەی شەقامی ١٢٠ مەترییەوە ئاو دەگوازێتەوە بۆ گەڕەکەکانی سەربەستی (٣٢ی پارک)، شادی، بەهاری نوێ و کۆن، کوردستان، کرێکاران، نێرگز، ڕاستی و ٩٤ـی باداوە.


ئەم پڕۆژەیە بە هاوبەشی لەگەڵ وێستگەکانی ئیفراز یەک، دوو و سێ، کێشەی کەمئاویی پایتەختی بۆ ٣٠ ساڵی داهاتوو چارەسەر کرد. هاوکات، چەندین پڕۆژەی دیکەی هاوشێوە لە قۆناغی جێبەجێکردن یان داهاتووی نزیکدان، وەک پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە کە ٧٢ هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا بۆ هاووڵاتییان دابیندەکات، پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ-گۆپتەپە کە ٣١٪ی تەواو بووە و کێشەی ئاو لە چەمچەماڵ بنبڕ دەکات، پرۆژەی ئاوی ئاکرێش ٦٥٪ـی تەواو بووە، لەگەڵ چەندین پرۆژەی ئاوی دیکە لە دەربەندیخان، بارزان، و هێڵی سێیەمی دوکان-سلێمانی، بەردەڕەش، کۆیە، سۆران، کەلار و پڕۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی قورس لە هەولێر.


پشتبەستن بە پڕۆژەکانی ئاوی سەر زەوی، دەرفەتێکی زێڕینی بە ژینگەی هەرێمی کوردستان بەخشی بۆ خۆنوێکردنەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمبارانی و لێدانی زۆری بیرەکان، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکانی وەک کەسنەزان ٧٠٠ مەتر و لە ناوەندی هەولێر ٥٠٠ مەتر دابەزیبوو. بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان بووە هۆی کوژاندنەوە و داخستنی زیاتر لە هەزار بیری ئاو (٩٠٠ بیر لە ناوشاری هەولێر و ١٠ بیر لە سنووری قوشتەپە). داخستنی ئەم بیرانە، لەگەڵ بەفر و بارانی زۆری ئەمساڵ و گلدانەوەی ئاو لە پۆندەکاندا، بووە هۆی ئەوەی هاوسەنگیی هایدرۆلیکی بگەڕێتەوە و ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ کەرتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ، پاککردنەوەی ژینگە، زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی و گەشەکردنی کەرتی گەشتیاری لە دەوروبەری بەنداوەکاندا.


لە ڕووی بەکارهێنانەوە، ڕووپێوییە فەرمییەکان و لێکۆڵینەوە هاوبەشەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی عێراق نیشانی دەدەن کە پێداویستیی ڕاستەقینەی هەر تاکێک لە ڕۆژێکدا ١٨١ لیترە کە لە هاویندا بەهۆی ئامێرەکانی فێنککەرەوەوە بۆ ٤٠٠ لیتر بەرز دەبێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٥٠ لیتر ئاوی پاک بۆ هەر تاکێک دابین دەکات. ئەم پێوەرە زۆر بەرزترە لە وڵاتانی ناوچەکە. بۆ نموونە: تورکیا ١٥٠-٢٠٠ لیتر، سووریا ١٢٠-١٨٠ لیتر، ئوردن ٨٠-١٢٠ لیتر، و میسر ١٣٠-٢٠٠ لیتر). ئەم جیاوازییە گەورەیە نیشانی دەدات کە هێشتا ڕێژەیەکی زۆر لە بەفیڕۆدانی ئاو لە لایەن هاوڵاتیانەوە هەیە بۆ شوشتنی شەقام، ئۆتۆمبێل و ئاودانی باخچەکان لە جیاتی بەکارهێنانی ناوماڵ.


ئەم ئاستە بەرزە لە خزمەتگوزاری، بارگرانییەکی دارایی گەورە لەسەر بودجە دروست دەکات. ساڵانە تێچووی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرهەمهێنان، پاڵاوتن و دابەشکردنی ئاو دەگاتە ٥٠٠ ملیار دینار، لە کاتێکدا کۆی گشتی ئەو داهاتەی لە هاوبەشانی ئاو کۆدەکرێتەوە تەنیا ٦٠ ملیار دینارە. ئەم شیکارییە داراییە دەری دەخات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی ٤٤٠ ملیار دینار پاڵپشتیی دارایی تایبەت بە کەرتی ئاو تەرخاندەکات دەکات بۆ ئەوەی بە کەمترین تێچوو ئاوی پاک بگاتە هاووڵاتییان.

 

06 حوزەیران 2026 19:33
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026