بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەورووبەری ئێرانیان داپۆشیوە!
ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن نهێنی نەبیستراو لەسەر هەوڵە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دژی ئێران ئاشكرا دەکات.
ئیسرائیل چەندین هەفتە بەر لە جەنگ، تۆڕی هەواڵگری نهێنی لە وڵاتانی دراوسێ جێگیر کردووە و چاودێری ئێرانی کردووە.
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری چواری سەرچاوەی ئاگادارەوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرای کرد، لە جەنگی نێوان و ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، ئیسرائیل بەنهێنی سەرباز و هەواڵگری باڵای لە باکووری وڵاتی ئازەربایجان جێگری کردووە، کە دەکەوێتە نزیک سنووری باکووری ئێران و تەنیا 60 میل لە شاری تەبریزی وڵاتەکەوە دوورە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل 'یەکەی کۆماندۆی تایبەت'ـی لەو ناوچانە جێگیر کربوو، کە تێیدا کۆبوونەوە و کاری هەواڵگرییان دەکرد و درۆنیان بەکار دەهێنا، تا ئیسرائیل لە زانیاری گرینگ لەبارەی چی لە باکووری ئێران دەگوزەرێ ئاگادار بکەنەوە.
ئەم سەرچاوانەی کەناڵی سی ئێن ئێن ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو شوێنانە لە ئازەربایجان بەشێکن لە تۆڕێکی فراوانتر لە بنکە و شوێنی سەربازی نهێنی ئیسرائیل لە چەندین وڵاتی دیکە، لەوانەش وەک عێراق و سۆماڵیلاند و ئیماڕات، پلانی جێگیرکردنی ئەم هێزانە سەرەتا وەک تیمی فریاگوزاری فریاکەوتن داڕێژرابوو، بەڵام دواتر بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان فراوانتر کران.
ئامادەکاری بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هەواڵگری و سەربازییانە چەندین هەفتە بەر لە وادەی جەنگەکە لە 28-2-2026 دەستی پێکرد، ئیسرائیل لە مانگی یەکەوە لەگەڵ دەستپێکی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی خەڵکی ئێران، لە ڕێگەی ئامێری تایبەتی هەواڵگری و "گوێگرتنی بەدزییەوە" دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی لە سنووری نێوان ئێران و ئازەربایجان کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگی ڕابردوو هەردوو ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ و نیویۆرک تایمز لە زاری چەندین سەرچاوەی ئەمریکی و عێراقی ئاشكرایان کردبوو، دوو بنکەی سەربازی نهێنی ئیسرائیل لە بەغدا بە ڕێکەوت لەلایەن شوانکارێک درۆزرایەوە و هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە شوانکارەکە کردبوو لە ئەنجامدا کوژرا، دوای گەیشتنی ئەم زانیارییە بە هێزەکانی عێراق، چوونە نزیک بنکەکە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل بە زەبری هێز پاشەکشەیان پێکرا.