چۆن چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە بین کاتێک سکاڵاکار خاوەن چەک بێت
هێزەکانی 70 و ئاسایش فەرمان لە کێ وەردەگرن؟ تیمی پارێزەران ڕاستییەکان دەڵێن
تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات، لەبەر ئەوەی لایەنی سکاڵاکار خۆی خاوەنی هێزەکانی 70ـی یەکێتی و دەزگای ئاسایشە و فەرمان لە بافڵ تاڵەبانی وەردەگرن، ناتوانرێت چاوەڕوانی هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە لەم کەیسەدا بکرێت.
تیمی پارێزەرانی دۆسییەی لاهور شێخ جەنگی و هاوەڵانی ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت، ئەنجوومەنی دادوەری و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد، تێیدا هۆشدارییان دا لە داڕمانی سیستەمی دادوەری لە سلێمانی بەهۆی هەژموونی حزبی و بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکان.
له ڕاگەیەندراوەکەی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی هاتووە، دۆسییەی ناسراو بە لالەزار بووەتە ئامرازی یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و سکاڵاکار کە خۆی خاوەن هێزی چەکدار و دەزگای ئەمنییە، ڕێگرە لە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە.
تیمی پارێزەران ئاماژەیان بەوە کردووە، دەستگیرکراوەکان لەنێویاندا کەسانی خاوەن ڕەگەزنامەی بەریتانی، لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا وتەیان لێوەرگیراوە و دۆسیەکانی وەک حەمەڕەش و هێمن هادی بە نموونەی زیندوو هێنراونەتەوە.
تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، دەستوەردانەکان گەیشتوونەتە ناو هۆڵەکانی دادگا کاتێک دادوەرانی دادگای تاوانەکانی 3 ئامادەنەبوون ببنە پاشکۆی فەرمانی سیاسی و سووربوون لەسەر ناردنی پەڕاوەکان بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، لە ڕێکەوتی 21ـی 4ـی 2026 بە بڕیارێکی کارگێڕی دۆسیەکەیان لێسەندراوەتەوە و گوازراوەتەوە بۆ دادگای تاوانەکانی 2.
لە کۆتایی دا تیمی پارێزەرانی لاهور تالەبانی ڕایانگەیاندووە، لە ڕێگەی سکاڵایەکی فەرمییەوە ڕووبەڕووی ئەم نادادپەروەرییە بوونەتەوە و دادگاییکردنی داهاتووش وەک تاقیکردنەوەی کۆتایی یاسا لە قەڵەم دەدەن.