وەزارەتی دارایی بەڵێن بە مامۆستایانی گرێبەست دەدات
وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دیاریکرا؛ وەزارەتی دارایی بەڵێن دەدات
وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڵێنیداوە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی سەر بە داهاتی ناوخۆ بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە عەلی ڕەئووف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی بەڵێنی داوە هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش بکات، کە بەهۆی نەبوونی سیولەی پێویست لە بانکەکاندا، ماوەی هەفتەیەکە مووچەی ئەم چینە دواخراوە.
عەلی ڕەئووف ئاماژەی بەوە دا، 37933 مامۆستای گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە، 4100 مامۆستای گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەگەڵ زیاتر لە 30000 فەرمانبەری وەزارەتەکانی دیکە کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕوونیکردەوە، ئەم مامۆستایانە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە و چاوەڕێی هەفتەی داهاتوو دەکەن بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان.