فایەق زێدان داوای چەکدانانی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە دەکات
فایەق زێدان: ئەوانەی چەک دادەنێن دڵسۆزی نیشتمانن
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سوپاسی سێ لایەنی شیعی دەکات بۆ ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت و داواش لە هەموو گرووپە چەکدارییەکانی دیکە دەکات هاوشێوەی ئەوان پابەندی جێبەجێکردنی دەستوور بن و چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی هەریەکە لە ڕەوتی نیشتمانیی شیعی، بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی کرد، بەهۆی وەڵامدانەوەی ئەرێنییان بۆ بانگەوازی مەرجەعیەتی باڵا و جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا پەیوەست بە سنووردارکردنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا.
پێشتریش لە ٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـدا، لە وتارێکدا، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەختی لەسەر گرنگی سنووردارکردنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا کردەوە و هەڵوێستی ئەو لایەنانە و بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی لەوبارەیەوە، بە دڵسۆزی بۆ نیشتمان لە قەڵەم دەدات.
هاوکات فایەق زێدان داوا لە هەموو گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە دەکات هاوشێوەی ئەو گرووپانە، بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا، چەک دابنێن و پابەندی دەستوور بن بۆ سنووردارکردنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا گرووپەکانى عەسایبى ئەهلى حەق، بەدر، گرووپی سەرایا سەلامی سەر ڕەوتى نیشتمانیی شیعە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، کەتیبەکانى ئیمام عەلى، بڕیاریانداوە پەیوەندییان بە پێکهاتە سەربازییەکانی دەستەی حەشدى شەعبى ڕاگەیاندووە و چەکەکانیان ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەن، لە بەرامبەر ئەوەشدا، گرووپەکانى نوجەبا، حزبووڵای عێراق، سەرایا ئەولیاء دەم و ئەسحابولکەهف ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن و ڕایانگەیاندووە، تەنها بە فەتوای مەرجعی باڵای شیعەکان ئەو بڕیارە دەدەن.