تڕەمپ ئەم هاوینە سەردانی فەڕەنسا و تورکیا دەکات
ناتۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوڕوپا دابەشدەکاتەوە
وابڕیارە لە هاوینی ئەمساڵ، دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بەشداری لە دوو لووتکەی نێودەوڵەتی بکات کە لە وڵاتەکانی فەڕەنسا و تورکیا بەڕێوەدەچن، هەوڵەکانیشی چڕکردۆتەوە پێش دەستپێکردنی کارەکانی ئەو دوو لووتکەیە، پرسی ئاڵۆزییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکلایی بکاتەوە.
ناوەڕاستی ئەم مانگە، لە فەڕەنسا لوتکەی وڵاتانی G7 بەڕێوەبچێت و سەرەتای مانگی داهاتووش لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی باکووری ئەتڵسی (ناتۆ) بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێش دەکرێت دۆناڵد تڕەمپ بەشداری هەردوو لووتکەکە بکات و لەگەڵ سەرکردەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، لەبارەی پرسی ئاسایش و ئابووریی جیهانەوە، گفتوگۆ بکەن.
لە (١٥ بۆ ١٧)ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە ناوچەی ئێڤیان لێ بێین لە فەڕەنسا لووتکەی ٥٢ـەمینی وڵاتانی G7 لەژێر دروشمی " ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگییە جیهانییەکان" بەڕێوەبچێت و ئەجێندای کۆبوونەوەکانیش لەبارەی قەیرانە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ئۆکرانیا و ئاسایشی دەریایی لە ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها پەرەپێدانی ستراتیژیی بۆ پاراستنی کانزا گرنگەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕۆژئاوا بە چین. هاوکات بەشێکی دیکەی ئەجێندای گفتوگۆکان لەبارەی چاکسازیکردن لە پێکهاتەی دارایی دەبێت لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەتی گۆڕینی پێوەرەکانی شایستەیی هاوکاری دارایی بۆ وڵاتانی زیانلێکەوتوو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا. هەروەها لە بواری تەکنەلۆجیاش، هەوڵ بۆ داڕشتنی ڕێسای نێودەوڵەتی، سنووردارکردنی بازرگانی، و یاساکانی جێگیرکردنی ژیریی دەستکرد دەدەن.
لووتکەی ناتۆ کە ڕۆژانی (٧ و ٨)ـی تەمموزی ٢٠٢٦ لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، گفتوگۆی سەرەکیش لەبارەی بوودجەی بەرگری وڵاتانی ناتۆ و پێداچوونەوە و ئەگەری گۆڕانکاری لە شێوازی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بنکە جیاوازەکانی ئەوروپا و بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکانەوە دەبێت.
لە لووتکەکانی وڵاتانیG7 و ناتۆ، تڕەمپ فشار دەکات بۆ گرێدانی هاوکارییە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە هاوبەشییە بازرگانییەکانەوە، هاوکات داواش لە وڵاتانی ئەوڕوپا دەکات کە بڕێکی زیاتر لە تێچووی ئۆپراسیۆنە دەریاییە هاوبەشەکان بگرنە ئەستۆ، بە تایبەتی لە گەرووی هورمز. هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵیش دەدات وڵاتانی بەشدار لە لوتکەکە زیاتر پشتببەستن بەو ئامرازە تەکنەلۆژییانەی کە وڵاتەکەی لە بواری ژیریی دەستکرددا پەرەی پێداون.
چاودێرانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ناکۆکییە قووڵەکانی ئیدارەی تڕەمپ سەبارەت بە سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەکاراندا، پێشبینی دەکرێت سەرکردەکان لە لوتکەکانی ئەمساڵدا، دەستبەرداری بەیاننامەی هاوبەش بن و لەبری ئەوە، ڕێککەوتنی بچووکتر و جیاواز ئیمزا بکەن.