کارتی زەوی بە فەرمانبەران دەدرێت
بۆ یەکەمین جارە؛ گۆڕانکاری گەورە لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران کرا
ئاگادارییەکی بەپەلە و گرنگ بۆ گشت فەرمانبەرانی سنووری بەحرکە، بۆ یەکەم جارە کارتی زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، دوای دابەشکردنی زەوییەکان لە سنووری هەولێر، ئەمە یەکەم جارە بڕیاری دابەشکردنی کارتی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەدرێت.
مەریوان حاکم هادی ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی قورسی و درێژخایەنی ڕێکارەکانی تاپۆکردنی زەوییەکان، بڕیاردراوە ئەم کارتە فەرمییە بە فەرمانبەران بدرێت، تاوەکو لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ڕێپێدانی فەرمی بۆ دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لەسەر ئەو زەوییانە وەربگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاگاداری فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی بەحرکە دەکاتەوە: ڕۆژی یەکشەممە سەردانی بینای شارەوانی بەحرکە بکەن، بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی وردبینی لە بەڵگەنامەکان و وەرگرتنی فەرمی کارتی زەوییەکانیان دەبێت، تاوەکو قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی کارتەکان لەو سنوورە بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت و ئامادەکاری بۆ ناوچەکانی تریش بکرێت.