پایتەخت

دەبێت لەماوەی دوو ڕۆژ چەکەکان کۆبکرێنەوە

دەبێت لەماوەی دوو ڕۆژ چەکەکان کۆبکرێنەوە
کورتە

لێژنەیەک پێکدەهێندرێت بۆ وەرگرتنی چەکەکانی دوو باڵی حەشدی شەعبی.

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ شاندەکانی بزووتنەوەی "عەسائیب ئەهل حەق" و "کەتائیب ئیمام عەلی" کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش درا بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمی چەکدانانی ئەو دوو گرووپە لە ماوەی دوو ڕۆژدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب و شبل زەیدی، سەرکردەی کەتائیب ئیمام عەلی کردووە، لەبەرامبەر پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی و پشتگیریکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ کورتکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا.

زەیدی ئاماژەی بەوەش کردووە کە عێراق لە ئێستادا بەهۆی سەقامگیریی ئەمنییەوە لە قۆناغی گۆڕانکاری و ئاوەدانکردنەوەدایە، ئەمەش پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی هەموو لایەک هەیە.

لێژنە هاوبەشەکە ئەرکی داڕشتنی ڕێکاری یاسایی و دەستووری دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی ڕێکخراوەیی ئەو دوو هێزە بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە، پرۆسەی کۆکردنەوەی چەکەکانیشیان لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا دەستپێدەکات.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا عەسائیب ئەهل حەق و کەتائیب ئیمام عەلی، کە دوو باڵی سەرەکی و کاریگەری نێو حەشدی شەعبین، بڕیاری چەکدانانی خۆیان ڕاگەیاند، پێشتریش موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بڕیاری هاوشێوەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی "سەرایا سەلام" دابوو، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی ئەمنیی عێراقدا دەبینرێت.

03 حوزەیران 2026 17:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026