قەڵای زەرد دەگەڕێتەوە لووتکە
هەولێر بلیتی جامی کەنداوی بڕی و دەبێتە نوێنەری کوردستان و عێراق.
هەولێر لە دواین ساتەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، نەک هەر پلەی سێیەمی مسۆگەر کرد، بەڵکو کورسییەکی مێژووییشی لە جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی عەرەبی بۆ وەرزی داهاتوو ڕفاند.
یانەی هەولێر دوای سەرکەوتنە دراماتیکییەکەی بەرامبەر یانەی ئەمانەی بەغدا لە گەڕی کۆتاییدا، قەڵای زەرد وەک نوێنەری سەرەکی هەرێمی کوردستان و عێراق ههنگاو دەنێتە ناو ڕکابەرییە هەرێمییەکان، پاڵەوانیەتییەک کە پێشتر یانەکانی دهۆک و زاخۆش شانسی بەشداریکردنیان تێدا هەبووە و دهۆک نازناوێکیشی لێ چنیوەتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر كە هاوكات سەرۆكی فەخریی یانەی هەولێرە ڕایگەیاند، یانەکە سەرەڕای دەستپێکردنی درەنگی ئامادەکارییەکان و کڕینی یاریزانان لە کاتێکی نەگونجاودا، توانیویەتی بگەڕێتەوە پێگەی سروشتیی خۆی لە ڕیزبەندی پێشەنگی عێراقدا، ئومێد خۆشناو گوتی: "ئێمە تەنیا بۆ بەشداریکردن ناچینە جامی کەنداو، لە ئێستاوە ستراتیژی چوونە سەر سەکۆی شانازی و بردنەوەی نازناوەکەمان داڕشتووە."
پشتگیرییە دارایی و مەعنەوییەکانی پارێزگار لە کاتێکدایە، ئەو ستایشی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەکەی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان لە ماوەیەکی پێوانەییدا، وە پەیامێکی تووندی ئاڕاستەی ئەو لایەنانە کرد کە دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم کارگێڕی یانەکەدا دروست بکەن و ڕایگەیاند، ڕێگە بە هیچ جۆرە تێکدانێک نادەن، ئەگەر ئەو کەسانە لە دروستکردنی گرفت بەردەوام بن، ڕووبەڕووی توندترین ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی دەبنەوە.