قهیرانی بهنزین سهرههڵدهداتهوه
قەیرانی بەنزین بەرۆکی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقی گرتووە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شەقامەکانی بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، قەرەباڵغی و ڕیزبوونی درێژی ئۆتۆمبێلەکان لەبەردەم وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزین بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش بەهۆی کەمبوونی بەرهەمهێنانی بەنزین و دابەشکردن.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیا عێراقییەکان بڵاوکراوەتەوە، لە چەند بەنزینخانەیەکی شاری بەغدا، شۆفێران لە کاتژمێرەکانی درەنگی شەوەوە، نۆرەی دووروودرێژ دەگرن تاوەکو بەرەبەیان، بۆ ئەوەی بتوانن بەشە بەنزینی پێویست وەربگرن.
شۆفێران لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ناڕەزایەتی زۆریان لەوبارەیەوە دەربڕیوە و ئاماژە بەوە دەکەن، لە گەرمای تاقەتپرووکێنی ڕۆژیش ناتوانن بەنزینی پێویست دەستبەخەن بەهۆی داخراوی زۆربەی بەنزینخانەکان، بۆیە ناچارن شەوانە لەسەر شەقامەکان و لەبەردەم وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزین، ئێشکگری بگرن تاوەکو بەرەبەیان بۆ ئەوەی بڕێک بەنزینی لە ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، حوسێن تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، چەختی کردەوە کە لە ماوەی چوار ڕۆژی داهاتوودا، هەوڵ دەدەن قەیرانی بەنزین لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە چارەسەر بکەن.
هەرچەندە قەیرانی بەنزین بە ئاشکرا لەو پارێزگایانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوونی هەیە، کەچی ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەی ئاشکرا کردووە، بڕی بەنزینی بەردەست لە ئێستادا، سێ ملیۆن لیتر لە سەرووی تێکڕای بەکاربردنی ئاسایی ڕۆژانەوەیە، بەڵام هۆکاری ئەو قەیرانەی بۆ بوونی کێشەی لۆجیستی گەڕاندووەتەوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بوونی قەرەباڵەغی زۆر لە بەردەم وێستەگەکانی دابەشکردنی بەنزین پەیوەندی بە پرۆسەی گواستنەوەی سووتەمەنی هەیە لە پاڵاوگە سەرەکییەکانی وەک (بێجی، کەربەلا، دۆرە، و باشوور) بۆ وێستگەکان.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندە ئابوورییەکانی عێراق ئەوەیان ئاشکرا کردووە، ڕاوەستانی یەکەی FCC لە وێستگەی باشوور کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆکتان بەرز (بەنزینی موحەسەن) بەهۆی کشانەوەی کۆمپانیای جێبەجێکار بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە، یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانی بەنزین لە عێراق، ئەمەش وایکردووە کە بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، یەدەگی ستراتیژی لە بەرهەمە نەوتییەکان کەمیکردووە و ڕێنمایی بەپەلەی دەرکردووە و گرێبەستی کردووە بۆ هاوردەکردنی بڕی زیاتری سووتەمەنی و وابڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بگەنە عێراق.
هاوکات ڕوانگەی "ئیکۆ عێراق" کە ناوەندێکی پسپۆڕی کاروباری ئابوورییە، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، کە قەیرانی بەنزین بەردەوام دەبێت تاوەکو هاوردەکردنی سووتەمەنی زیاتر دەگاتە وڵات. بەگوێرەی داتاکانی ئیکۆ عێراق؛ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەنزین لە گشت پاڵاوگەکانی ناوخۆی عێراق ڕۆژانە دەگاتە 29 ملیۆن لیتر، لە بەرامبەردا، بەکاربردنی ناوخۆیی زیاترە لە 33 ملیۆن لیتر، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر کورتهێنان هەیە کە پێشتر لە ڕێگەی هاوردەکردنەوە پڕدەکرایەوە.
ئیکۆ عێراق ئەوەشی ئاشكرا کردووە، فاکتەرێکی دیکە کە ڕێگرە لەبەردەم بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، بریتییە لە: سنوورداری توانای کۆگاکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی (نەفتا و نەوتی ڕەش) کە هاوشانی بەنزین بەرهەم دێن؛ واتە ئەگەر پاڵاوگەکان بڕی بەنزین زیاد بکەن، بەرهەمە لاوەکییەکانی تریش زیاد دەکەن کە عێراق شوێنی پێویستی بۆ کۆگاکردنیان نییە.