پارچەی یەدەگ بۆ جهسته دروست دەکرێت
چۆن 3D Bioprinting ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار دەکات؟
تەکنەلۆژیای چاپکردنی ئەندامانی جەستە لە ساڵی 2026دا وەک یەکێک لە گەورەترین شۆڕشەکانی مێژووی پزیشکی دەبینرێت. ئەم تەکنەلۆژیایە کە بە 3D Bioprinting ناسراوە، گەیشتووەتە قۆناغی بەکارهێنانی مرۆیی.
لەم پرۆسەیەدا لە جیاتی پلاستیک، مرەکەبێکی زیندوو لە خانەکانی خودی مرۆڤەکە بەکاردێت بۆ دروستکردنی ئەندامەکان، ئەمەش وادەکات جەستە پارچە نوێیەکە ڕەت نەکاتەوە.
لە دەستکەوتە دیارەکانی ساڵی 2025 و 2026، چاپکردنی قۆنیەی چاو و پێستی زیندوو بۆ چارەسەری سووتاوی بەبێ بەجێمانی شوێنەوار هەیە. هەروەها بۆ یەکەمجار زانایان توانیویانە تۆڕی وردی بۆرییەکانی خوێن لە ناو شانە چاپکراوەکاندا جێگیر بکەن.
پرۆسەکە لە وێنەگرتنی MRI دەستپێدەکات و دوای دیزاینکردنی نەخشەکە، خانەکان بە وردی چاپ دەکرێن و لە ژینگەیەکی تایبەتدا گەشەیان پێ دەدرێت. ئەم تەکنەلۆژیایە هیوایەکی نوێیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی کەمی بەخشەری ئەندام لە جیهاندا.