چۆن بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 5 درا؟

شەوی ڕابردوو هەڵمەتێکی چڕ بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام دراوە
دوێنێ شەو هەڵمەتەکی چڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی ئەنجام درا و کەمێک پێش ئێستا دەرەنجامەکەی بە خەرجکردنی مووچە مانگی ئایار دەرکەوت.
فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی ئایار زانیاری نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
کەمێک پێش ئێستا د. فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق ڕایگەیاند، تەواوی کێشەکان چارەسەرکراون و ئەمەش دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.
بەپێی گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، شەوی ڕابردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ناردنی پارەی مووچەی مانگی ئایار، چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، سەرۆکی یەکێتی، وەزیری دارایی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق ئەنجامداوە و توانیویانە بگەنە رێککەوتن.
د. فواد حوسێن لەبارەی چارەسەری کێشەکە ڕایگەیاند، ئێستا رێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە، کە تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکرێت حکومەتی هەرێم رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت و مانگانە 120 ملیار دینار بە حکومەتی فیدڕاڵ دەدات.