ڕاگەیاندراوێکی بەپەلە لە پایتەخت میدیاوە
ستافی پایتەخت میدیا لەسەر گەیاندنی دەنگ و ناڕەزایی خەڵک لە سلێمانی دەستبەسەر کران.
بەهۆی گەیاندنی دەنگی خەڵک و هاووڵاتییانی دوو گەڕەکی غەدرلێکراوی سلێمانی، کەمێک پێش ئێستا ستافی پایتەخت میدیا لە سلێمانی، لە لایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکران و گوازراونەتەوە بۆ ئاسایشی کوردسات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ستافی پایتەخت میدیا کە پێکهاتوون لە پێشکەوت خەلیل، پەیامنێری پایتەخت و بەختیار رەباتی، کامێرامانی پایتەخت چوونەتە گەڕەکی کانی پیرە و كانی حهمه بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی ئەو گەڕەکانە کە وابڕیار بوو لە لایەن شارەوانی سلێمانییە تێکبدرێت، کەچی ئاسایشی سلێمانی ستافی پایتەختی دەستگیرکردووە و رێگای نەداوە دەنگی خەڵک بگەیەنن.
پایتەخت میدیا، لێرەوە ڕایدەگەیەنێت کە سەلامەتی گیانی پێشکەوت خەلیلی پەیامنێر و بەختیار رەباتی کامێرامان، لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییە و ئەوان بەرپرس دەبن لە هەر ڕووداوێک کە بەسەر تیمی پایتەخت میدیادا بێت.
پایتەخت لێرەوە پەیامێک ئاڕاستەی لایەن و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە رۆژنامەنووسان دەکات، لەسەر ئەم ڕووداوەی دەستگیرکردنی ستافی پایتەخت لە سلێمانی بێنە دەنگ و بەرگری لە دەنگی حەق بکەن، چونکە ستافی پایتەخت چونەتە ئەو گەڕەکە بۆ گەیاندنی دەنگی زیاتر لە 500 خێزان کە خانووەکانیان تێکدەدرێت.
بۆ ستافی پایتەخت چوونەتە گەڕەکی کانی پیرە و كانی حهمه؟
لەسەر داواکاری خەڵکی ئەو گەڕەکانە و بۆ گەیاندنی دەنگیان، نیوەرۆی ئەمڕۆ ستافی پایتەخت چوونەتە ئەو گەڕەکانە. بەپێی زانیارییەکان پێشتر ئەو ناوچەیە لە ماستەر پلانی سلێمانی دا بووە، کەچی ئێستا لە ماستەر پلان لادراوە و شارەوانی سلێمانی دەیەوێت، خانووی زیاتر لە 500 خێزان بڕوخێنن و تێکی بدەن.
دوای گەیاندنی دەنگی خەڵک، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونەتە ئەو شوێنە و پەیامنێری و کامێرامانی پایتەخت میدیان دەستگیرکردووە و ئێستا لە لایەن ئاسایشی کوردسات دەستبەسەر کراون.