پایتەخت

هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی شەڕی ئێرانەوە داڕمانێکی مێژوویی تۆمار کرد

هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی شەڕی ئێرانەوە داڕمانێکی مێژوویی تۆمار کرد
کورتە

هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئایار %97 کەمیکردووە

هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی دەریاییەوە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ تووشی داڕمانێکی بێپێشینە بووە، بە جۆرێک بەهۆی پەککەوتنی جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانە لە گەرووی هورمز، بە ڕێژەی زیاتر لە %97 دابەزیوە.


بەپێی داتاکانی یەکەی توێژینەوەی وزە کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، ئاستی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەشێوەیەک لە مانگی کانونی دووەم، 3.31 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە و و مانگی شوبات گەیشتۆتە لوتکەی هەناردن بە 3.36 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و مانگی ئادار لەگەڵ سەرەتای قەیران بەهۆی شەڕی ئێرانەوە، ڕۆژانە 549 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە و مانگی نیسانیش، 132 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە و مانگی ئایاریش ئەم ڕێژەیە بۆ 96 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.


هاوکات کۆی گشتی ئەو نەوتەی عێراق لە تەواوی مانگی ئایاردا لە ڕێگەی دەریاییەوە هەناردەی کردووە، تەنها سێ ملیۆن بەرمیل بووە کە ئەم بڕە کەمترە لەوەی عێراق پێش شەڕی ئێران تەنها لە یەک ڕۆژدا هەناردەی دەکرد کە زیاتر لە 3.3 ملیۆن بەرمیل بوو.


لەگەڵ ئەوەشدا، داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی ڕابردوودا بۆ یەک ملیار و 878 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، ئەمەش زیانی پێنج ملیار دۆلارە بۆ بودجەی عێراق بەراورد بە دۆخی پێش شەڕی ئێران، کە ئەمەش مەترسیی گەورەی لەسەر بودجەی حکوومتی عێراق دروست کردووە کە بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەتایبەتی بۆ دابینکردنی مووچە.


لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی پڕبوونی کۆگاكان و داخرانی گەرووی هورمز، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە چوار ملیۆن و 18 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە لە مانگی شوبات، بۆ یەک ملیۆن و 679 هەزار لە مانگی نیسان دابەزی ئەمەش، لە داهاتی مانگی چوارەمی ئەمساڵ، قەبارەی کورتهێنانی بودجەی عێراقی زیاتر کرد و بەهۆی ئەوەی تەنها لەو مانگەدا، عێراق توانای بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی لەدەستدا بوو.


شەڕی گەرووی هورمز بازاڕی کڕیارانی نەوتی عێراقی بە تەواوی گۆڕیوە. لە کاتێکدا لە ئایاری 2025دا وڵاتانی وەک چین، کۆریای باشوور، ئەمریکا، یۆنان، ئیتاڵیا و فەرەنسا کڕیاری سەرەکی بوون، کەچی لە ئایاری 2026دا هیچ بارێکی نەوتیان پێ نەگەیشتووە و وڵاتی هیندستان تاکە وڵاتی ناسراوە کە لەو مانگەدا نەوتی عێراقی کڕیوە، بە بڕی 32 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 929 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی دەکڕی.

02 حوزەیران 2026 22:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026