دوای عەسایب ئیمام عەلیش لە حەشدی شەعبی جیابووەوە
سەرایا سەلام و عەسایبی ئەهلی هەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی چەک دادەنێن
دووەم گرووپی چەکداریی پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێکهاتەکانی دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند و بڕیاریدا چەکەکانی ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی عێراق بکات.
دوای ئەوەی گرووپی چەکداریی عەسایبی ئەهلی حەق، کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات بڕیاریدا چەک ڕادەستی دەوڵەت بکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێکهاتە چەکدارییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی بپچڕێنێت و چەکەکانی بچێتە ژێر چەتری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەلایەن خۆیەوە؛ کەتیبەکانی ئیمام عەلیش هەمان هەڵوێستیان ڕاگەیاند.
لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سنووردارکردنی چەک و هێزە سەربازییەکان لە سنووری دەسەڵاتی دەوڵەتدا و چەک کردنی گرووپە چەکدارییە شیعەکان، کەتیبەکانی ئیمام عەلی کە شبل زەیدی فەرماندایەتی دەکات، بڕیاریدا پابەندی بڕیارەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بێت بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت.
کەتیبەکانی ئیمام عەلی یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی نێو پێکهاتەی دەستەی حەشدی شەعبی، کە لە ساڵی ٢٠١٤، دوای داخوازییەکەی مەرجعی باڵای شیعەکان بۆ شەڕکردن دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دامەزرا.
پێشتریش موقتەدا سەدر هەڵوەشاندنەوەی گرووپی چەکداری سەرایا سەلامی ڕاگەیاند و بڕیاریدا ببنە بەشێک لە هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراق و داواشی لە هەموو گرووپە چەکدارییەکانی دیکە کرد، هەمان هەڵوێستیان هەبێت، ئەمەش لەپێناو زیاتر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی ١ـی حوزەیرانی 2026 لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیاندا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی بڕیاریاندا، دەستەی حەشدی شەعبی هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنە سیاسییەکانەوە نەبێت و سەربەخۆیی خۆی وەک دامەزراوەیەکی سەربازی بپارێزێت و هەموو دەسەڵاتێکیشی دایە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، دوای ئەوەش لایەنە سیاسییە شیعەکان کە خاوەنی گرووپی چەکداریین، هەڵوێستی جیاوازیان ڕاگەیاند.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، گرووپی چەکداری ئەسحابولکەهف کە یەکێکی دیکەیە لە گرووپە چەکدارییە شیعەکان ڕایگەیاند، ئەوان تەنها بە بڕیاری مەرجعییەتی باڵای شیعەکان ئامادەن، چەکەکانیان دابنێن. ئەمەش لە کاتێکدا دامەزراندنی ئەم گرووپە بۆ ساڵی 2020 دەگەڕێتەوە، دوای دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپاسی پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری ئەوسای سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدا.