هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی کوژایەوە دەبێت مۆلیدە پێ بکرێت
خاوەن مۆلیدەکان قەرزداری هاووڵاتییانن؛ بڕیارێکی بەپەلە لە هەولێرەوە دەرچوو
قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر ئاشکرای دەکات، هەر خاوەن مۆلیدەیەک پارەی 300 کاتژمێری لە هاووڵاتییان وەرگرتبێت و کارەبا نەدات، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە خۆران تحسین خۆرانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ئەو خاوەن مۆلیدانەی کە پارەی 300 کاتژمێر کارەبایان لە هاووڵاتییان کۆکردووەتەوە بەڵام تا ئێستا ئەو بڕە کاتژمێرەیان پێ نەداون، قەرزداری خەڵکن و دەبێت دەستبەجێ پابەندبن.
خۆران تحسین خۆرانی ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم خاوەن مۆلیدەکان پابەند دەکرێن بەوەی هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی کوژایەوە، پێویستە بەبێ دواکەوتن مۆلیدەکانیان پێ بکەن بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتییان نەفەوتێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای مۆلیدەکان هۆشداری دەدات، هەر خاوەن مۆلیدەیەک سەرپێچی بکات و لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا مۆلیدەکەی دانەگیرسێنێت، لەلایەن لیژنە تایبەتەکانی قایمقامیەتی هەولێرەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و ڕێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.