پایتەخت

9  ملیار مەتر سێجا؛ دۆخی ئاوی کوردستان لە لوتکەدایە

9  ملیار مەتر سێجا؛ دۆخی ئاوی کوردستان لە لوتکەدایە
کورتە

بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە گەورەترین بەنداوی هەرێم لە سەرڕێژبوون نزیکبووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی چڕی ئەمساڵەوە، قەبارەی ئاوی گلدراوە لە بەنداو و پۆندەکانی هەرێمدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی چەند ساڵی ڕابردوو، بەجۆرێک کە لە 30%ی تەواوی یەدەگی ئاوی عێراق پێکدەهێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆی گشتی بەنداو و پۆندەکانی هەرێمی کوردستان، کە چوار بەنداوی گەورەی ستراتیژی لەخۆدەگرن، تا ئێستا زیاتر لە 9 ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم قەبارە گەورەیەی ئاو دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، نەک تەنها بۆ هەرێم بەڵکو بۆ تەواوی عێراق.

پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی ئاوی کۆگاکراوی عێراق گەیشتووەتە 30%، ئەمەش گرنگی جوگرافی و ژینگەیی بەنداوەکانی هەرێم دەردەخات لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵیدا.

بەنداوی دوکان کە گەورەترین بەنداوی هەرێمە، لە لێواری ڕووداوێکی مێژوویدایە، بەرپرسانی بەنداوەکە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە تەنها چەند سانتیمەترێک ماوە ئاو بگاتە بێڵماوسەکە، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ یەکەمجار لە دوای 7 ساڵ لە دوای 2019، بەنداوەکە بە تەواوی سەرڕێژ بکات.

02 حوزەیران 2026 16:20
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026