پەیوەندی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهو لەسەر لێواری لێکترازانە
ترەمپ بە تەلەفۆن چی بە نەتەنیاهو گووت؟
ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهو بڵاوبوویەوە و تێیدا ترەمپ نەتەنیاهو بە "ناسوپاسگوزار" تۆمەتبار دەکات.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای کرد، ترەمپ بە نەتەنیاهوی گووتووە "تۆ بەتەواوی شێتیت" و بە "ناسوپاسگوزار" تۆمەتباری کردووە، "ئەگەر من نەبوومایە ئیستا تۆ لە زیندان بووی، هەموو کەس ڕقی لێتە و ئێستا بەهۆی تۆوە هەموو جیهان ڕقی لە ئیسرائیلە." ئەمە جگە لەوەی پلانێکی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر حزبوڵڵای لوبنان لە بەیروت هەڵوەشاندووەتەوە.
بە گووتەی ئەم سەرچاوانەی ئەکسیۆس، توڕەبوونی ترەمپ لەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بڕیاری نەتەنیاهو بۆ زیادکردنی گرژییەکان لەگەڵ حزبوڵڵا لە لوبنان مەترسی دەخاتە سەر هەوڵەکانیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، نەتەنیاهو ڕایگەیاندووە، هەڵوێستیان بەرامبەر بە حزبوڵلا ناگۆڕێت و لە بەئامانجگرتنیان بەردەوام دەبن، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی گووتووە، ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نەتەنیاهوی بەتەواوی "بەزاندووە" و بە پێی گووتوو: "باشە باشە، بەس دڵنیابەوە کە هەموو شتێک چارەسەر دەبێت."
ترەمپ و نەتەنیاهو لە ڕابردوودا چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی "تووند"ـیان لە نێواندا هەبووە، بەڵام لە نزیکەوە بەیەکەوە لەسەر ئێران و چەندین کێشەی دیکە کارییان کردووە. بەرپرسێکی ئەمریکا جەختی کردەوە ئەمە خراپترین پەیوەندی تەلەفۆنی نێوانیان بووە تا ئێستا.