دەستەی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکی تووند لەسەر کەیسی هێمن هادیە سوور بڵاودەکاتەوە
کەیسی ئەشکەنجەدانی هێمن هادی سوور گەیشتە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
دەستەی مافەکانی مرۆڤ پێشوازی لە هێمن هادی سوور دەکات و بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەشکەنجەدانی لە زیندانەکانی سلێمانی دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، پێشوازی لە هێمن هادی سور و هاوژین هادی سور کرا، کە تێیدا ناوبراو بە درێژی باسی لەو ئەشکەنجە دەروونی، جەستەیی و ڕۆحییە کرد، کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەرامبەری کراوە.
دەستەی مافی مرۆڤ دووپاتی دەکاتەوە، بەپێی تەواوی یاسا و بەڵێننامە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، بەکارهێنانی لێدان، هەڕەشە و هەر جۆرە فشارێکی دەروونی و جەستەیی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بۆ وەرگرتنی گوتە بە توندی قەدەغەیە و تاوانە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ هاتووە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی ڕاستەقینەی بکەرانی تاوانی لالەزار و قەبارەی پێشێلکارییەکان زیاتر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەبێت.
لەکۆتاییدا دەستەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی ڕژد بۆ ئەم کەیسە و سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە کەرامەت و مافی هاووڵاتییان دەکرێن.