پەرلەمانتارێکی پارتی: با نەوەی نوێ خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ببێتە بەشێک لە یەکێتی
نەوەی نوێ دەبێتە بەشێک لە یەکێتی؟
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: پارتی خاوەنی ٣٩ کورسییە و یەکێتی خاوەنی ٢٣ کورسییە بۆیە تەنها بەشی خۆیان پۆستیان پێدەدرێت و دەبێت کاندیدەکانیشیان یەکێتی بن.
شەهرام عەلی کەژۆ، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە: "بە بێ دانووستان لەگەل پارتی، ئێمە نەک هەر هیچ حسابێک بۆ هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ ناکەین بەڵکوو ڕازیش نابین یەکێتی لە پشکی خۆی کە ٢٣ کورسییە پۆست ببەخشێتە نەوەی نوێ".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەوان یەک ڕێگەیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە دەبێت نەوەی نوێ خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئینجا لە پەرلەمانیش فراکسیۆنیان هەڵدەوەشێتەوە و ئیلتیحاق بکەن بە یەکێتی، جگە لەمە یەکێتی تەنها بەشی ٢٣ کورسی پۆستی پێ دەدرێت و دەبێت کاندیدانیشیان بۆ پۆستەکان یەکێتی بن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە میانی وتارێکدا لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەی ئاماژەی بەوەکرد: ئەوان لەگەڵ نەوەی نوێ پێکەوە خاوەنی ٣٩ کورسین و داوای نیوەی حکومەت لە پارتی دەکەن.
هەرچەندە، پارتی دیموکراتی کوردستان چەند جارێک ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ کۆبوونەوە و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکوو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبیانیووی جیاواز ئامادەنەبووە، پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و پشکی هەڵبژاردن بکرێتە پێوەر بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.