بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی عێراقییانە لە یادی یەکێتی بڵاودەکاتەوە
بافڵ تاڵەبانی جەخت لەسەر کاری هاوبەش لەگەڵ دۆستە عێراقییەکانیان دەکاتەوە
هەرچەندە هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان کە بروسکەی پیرۆزباییان ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردبوو بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندییەوە، باسیان لە گرنگی یەکڕیزی کورد و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا، جەخت لەسەر یەکڕیزیی عێراق و کاری هاوبەش لەگەڵ دۆستە عێراقییەکانیان دەکاتەوە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا، بە هیچ شێوەیەک باس لە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان ناکات و هیچ ئامادەییەکیش نیشان نادات بۆ پاراستنی یەکڕیزی کورد و وەڵامدانەوەی دەستپێشخەرییەکان لەپێناو کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا، یەکڕیزیی عێراق بە کۆڵەکەی سەرکەوتنی وڵات لە قەڵەم دەدات و جەختیش لەسەر هەوڵەکانیان دەکاتەوە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو عێراقییەکان.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد، دەبەستێتەوە بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و دەڵێت: "شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عێراق".
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای زیاتر لە ١٦ کاتژمێر لە بێدەنگی لە یادی دامەزراندنی حزبەکەی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، لە کاتێکدا پێشتر زۆربەری سەرکردە و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەی ئەو حزبە کردبوو.