پایتەخت

سەرکردە عێراقییەکان لەجیاتی بافڵ تاڵەبانی باسی مام جەلال دەکەن

سەرکردە عێراقییەکان لەجیاتی بافڵ تاڵەبانی باسی مام جەلال دەکەن
کورتە

کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی چییان گووت؟

 

هێز و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق لە بروسکەی پیرۆزباییان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی، تاکە دەستکەوتێکی ئەو حزبە کە هەموویان کۆکن لە باسکردنی و بەیادی سەرۆکی ئەو حزبەی دەهێننەوە، سیاسەت و دەستەکەوتەکانی مام جەلالە.

 

هەرچەندە سەرۆکی یەکێتی، خۆی بە هێزێکی نزیک لە لایەنە سیاسییەکانی بەغدا دەزانێت و لەگەڵ سەرکردە سیاسیی و سەربازییەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران تێکەڵاوی هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو پیرۆزباییەکانی ئەو کەسایەتییانە، باسکردنی سیاسەت و خەباتی مام جەلال بوو، بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی یەکێتی لە سەردەمی بافڵ تاڵەبانی، جێگەی باس بێت.

 

هەریەکە لە قەیس خەزعەلی، رەیان کلدانی، عەمار حەکیم، بەها ئەعرەجی، و عەدنان فەیحانی نزیک لە ئەبو ئالا وەلائی و چەندین سەرکردە و هێزی دیکە، پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتییان ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی کردووە و لە هەموو بروسکەکانیاندا، ڕاستەوخۆ بە گرنگی و ستایشەوە باسیان لە سیاسەتەکانی مام جەلال کردووە، وەک دامەزرێنەری یەکێتی لە پاراستنی دیموکراتی و پێکەوەژیان و ئازادی عێراق، لە کاتێکدا هیوای بەردەوامییان بۆ سەرۆکی یەکێتی خواستوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی عێراق.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، یەکێتی بەبێ گوێدانە یەکڕیزی کورد لە بەغدا و گەڕانەوە بۆ بڕیاری کوردی، پرسی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کە پشکی کوردە بردە پەرلەمانی عێراق، هاوکات لە سەرەتای ئەمساڵیش لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەکەی هۆتێل ڕەشید، جارێکی دیکە بەبێ گەڕانەوە بۆ پرسی یەکڕیزی کورد لە شارەکە، پۆستی پارێزگاری کەرکووکی ڕادەست کردەوە.

 

پێشتریش پایتەخت میدیا، جیاوازی سیاسەت و دەستەکەوتەکانی مام جەلال و بافڵ تاڵەبانی بڵاوکردەوە و کە جیاوازییەکی زۆر و لادان لە پڕەسنیپ و بنەماکانی ئەو حزبە بەدی دەکرێت، هەروەها لەدوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بووەتە سەرۆکی یەکێتی، سیاسەتی ئەو حزبە بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاواز لە سیاسەت و بیروباوەڕی مام جەلال هەنگاو دەنێت.

01 حوزەیران 2026 21:31
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026