ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە و 15بتڵە غازی دزیوە
لەژێر کاریگەریی ماددەی هۆشبەردا دزێک ژمارەیەک بتڵە غازی دزی
پاش بەدواداچوونی وردی کامێراکانی چاودێری، پۆلیسی سۆران دزی یەکەمی بتڵە غازەکانی دۆڵی ئالانەی دەستگیرکرد و وردەکاری زیاتر ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی دوو هاوڵاتیی لە بنکەی پۆلیسی خەلیفان سکاڵایان لەسەر دزینی 15 بوتڵی غاز، 2 ئامێری چێشتلێنان و سێکوچکەیەکی چێشتخانە لە دوو شوێنی گەشتیاری و کافتریایەکی دۆڵی ئالانە و کوری تەنگ تۆمارکرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە.
پۆلیسی سۆران باسی لەوە کرد، پاش بەدواداچوونی ورد لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە، ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی (ڕ . ع . ح) ئاشکرا کرا کە تاوانەکەی لە کاتژمێر 4ی بەیانیدا ئەنجامداوە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سۆران هاتووە، تۆمەتبارەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کۆرۆلای بەکارهێناوە کە تابلۆکەی لێکردبووەوە و جامەکانی ڕەش کردبوو، پاشان بە هاوکاریی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبارەکە کە دانیشتووی سنووری هەولێر بوو دەستگیرکرا.
پۆلیسی سۆران ئاشکرای دەکات، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەرکەوتووە کە لە کاتی دزییەکەدا بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە، لە ئێستادا بەپێی ماددەی 446ی یاسای سزادان ڕاگیراوە.