چیتر بۆ کڕینی غاز کۆبۆنی خۆراک مەبەن
بڕیارێکی گرنگ لە لیژنەی غازەوە؛ مەرجی کۆبۆنی خۆراک کۆتایی پێهات
سیستمی دابەشکردنی غاز گۆڕدرا و لەمڕۆوە مەرجی پێشکەشکردنی کۆبۆنی خۆراک بۆ وەرگرتنی غاز بە تەواوی هەڵوەشایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لێژنەی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، لە ئێستادا بڕێکی زۆر و پێویست لە غازی ماڵان لە بازاڕەکاندا بەردەستە و هیچ کێشەیەک نەماوە، هاووڵاتییان دەتوانن لە هەر کات و شوێنێکدا بێ بەربەست بوتڵە بەتاڵەکانیان پڕبکەنەوە.
عومەر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، لە ئەمڕۆوە بڕیاری مەرجی پێشکەشکردنی کۆبۆنی خۆراک بۆ بەدەستهێنانی غاز بە تەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە و دۆخەکە وەک پێشووتر ئاسایی بووەتەوە.
سەرۆکی لێژنەی غاز باسی لەوە کرد، ماوەی مانگێکە غاز بە شوێنە بازرگانییەکان، بەتایبەتی سەموونخانە، نانەواخانە و کولێرەخانەکان دەدرێت، بەڵام بەو مەرجەی کێشی ئەنگوتکەکانیان گەورە بکەن.
عومەر عەبدوڵڵا ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەکەوە نزیکەی 60 بریکار سەرپێچییان کردووە، ئەو بریکارانەی غازین لەسەر خەڵک گران کردبوو، بە بڕی 50 هەزار تاوەکو 1 ملیۆن دینار سزای دارایی دراون.
اا
لە 3 مانگی ڕابردوودا بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێرانەوە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غاز پەکی کەوتبوو، بەو هۆیەوە نرخی یەک بوتڵ غاز لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی پێوانەیی بەخۆوە بینی و گەیشتە 25 تاوەکو 30 هەزار دینار.