پایتەخت

وەزارەتی کارەبا زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی دەگەڕێنێتەوە

وەزارەتی کارەبا زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی دەگەڕێنێتەوە
کورتە

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، بڕی داشکاندنی سێ ملیار دیناری گەڕاندەوە

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی داشکاندنی سێ  ملیار دیناری گەڕاندەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە ڕێکارە بەردەوامەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردن.

 

وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردۆتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەڵە لە پڕۆسەی پسوولەکردن، سیستەمی نوێی پسوولەکردن نزیکەی 118,000 هاوبەشی ماڵانی دیاریکردووە کە بەتەواوی لە داشکاندنی سێ مانگی یەکەمی پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەندنەبوون.

 

لەبارەی چۆنیەتی گەڕاندندنەوەی ئەو بڕە پارەیە، وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردووەتەوە، هەموو ئەو هاوبەشانەی ماڵان بڕی داشکاندنەکانیان لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناکی یان قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەژماردەکرێت. ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی ڕووناکی لەرێگەی کورتەنامە ئاگاداردەکرێنەوە.

 

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی کارەبا بڵاوی کردۆتەوە، کۆی گشتی ئەو پارەیەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان بریتییە لە سێ ملیار و ٣١ ملیۆن دینار و ١١٧ هەزار و ٦٢٨ هاوبەشی ماڵان لەو پاڵپشتییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن، کە تێکڕای سوودمەندبوونی هەر هاوبەشێکی کارەبا بریتییە لە ٢٥ هەزار و ٧٦٨ دینار.

 

پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، کە تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٥.٥ ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە ٨٥٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.

 

هاوکات بەپێی نرخە نوێیەکان، 80٪ـی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.

01 حوزەیران 2026 19:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026