پایتەخت

یەکەم فڕۆکەی حاجییان دەنیشێتەوە

یەکەم فڕۆکەی حاجییان دەنیشێتەوە
کورتە

پرۆسەی حەج کۆتایی هات و یەکەم کاروان دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان

دوای بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بڕیارە یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا بگەنەوە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پرۆسەی حەج وردەکاری زیاتر ئاشکرا دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پرۆسەی حەج لە وەزارەتی ئەوقاف بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 4ی 6ی 2026، پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و یەکەم کاروانیان لە کاتژمێر 7:00ی بەیانیدا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەنیشێتەوە.

 

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پرۆسەی حەج ئاماژەی بەو کرد، گەڕانەوەی حاجییان بە شێوازی ڕۆژانە و بەردەوام دەبێت، بە جۆرێک تاوەکو ڕێکەوتی 10ی 6ی 2026 سەرجەم کاروانەکانی دیکەی حاجییان بە تەواوەتی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.

 

ڕۆژگار جەعفەر باسی لەوە کرد، لەمساڵدا 5 هەزار و 120 هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی حەجییان بۆ وڵاتی سعودییە ئەنجامدابوو، لە ناو ئەم ڕێژەیەشدا تەنیا یەک حاجی بە ناوی ئەحمەد سەعید، کە تەمەنی 81 ساڵ بوو و دانیشتووی شاری دهۆک بوو، لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد. 

 

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پرۆسەی حەج جەختی لەوە کردەوە، بەپێی بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەرمی ئەم حاجییە ناگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و هەر لە شاری مەدینە بەخاک دەسپێردرێت.

01 حوزەیران 2026 16:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026