1385 پێشمەرگە پلەیان بەرز دەکرێتەوە
وەزارەتی پێشمەرگە بڕیارێکی نوێی لەبارەی بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران دەرکرد.
پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی چەند یەکەیەکی سەر بە هێزەکانی پێشمەرگە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و واژۆ لەسەر خشتەی پلەبەرزکردنەوەی نزیکەی 1400 ئەفسەر کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی 1385 ئەفسەری سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی 70، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن کرد.
وەزیری پێشمەرگە لە پەیامێکی پیرۆزباییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پلەبەرزکردنەوەیە شایستەییەکی یاساییە و دەرەنجامی دڵسۆزی و ماندووبوونی ئەو ئەفسەرانەیە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا، شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوەش کرد کە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ ئاساییکردنەوەی پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوە سەرکەوتوو بووە و لەمەودوا پڕۆسەکە لە کات و وادەی یاسایی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەدا وەزیری پێشمەرگە گوتی: " دڵنیام ئەم قۆناغە نوێیەی پلەبەرزبوونەوەتان دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانمان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا".