ئامادەکارییەکان بۆ لیستی مووچەی مانگی 6 دەستیپێکرد
وادەی خەرجکردنی مووچەی هەرێم هاوتای مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دەکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم هەنگاوەکانی بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران خێراتر کردووە، لە ئێستادا یەکە ژمێریارییەکانی سەر بە وەزارەتەکە سەرقاڵی ئەنجامدانی گۆڕانکارییە پێویستەکانن لە لیستی مووچەی مانگی 6، ئەمەش بە ئامانجی هاوتەباکردنی کاتی دابەشکردنی مووچەی هەرێم لەگەڵ مووچەخۆرانی حکومەتی فیدراڵ.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، یەکە ژمێریارییەکان دەستیان بە گۆڕانکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی 6 کردووە، بڕیاریشە لە نێوان 6 بۆ 10ـی مانگی حوزەیراندا سیستەمی دیجیتاڵیی پەیڕۆڵ بۆ دروستکردنی لیستەکە کارا بکرێت، بەپێی گووتەی سەرچاوەکە، دوای ئەم قۆناغە یەکە ژمێریارییەکان لیستەکان کۆتایی پێدەهێنن و ڕەوانەی گەنجینەکانی دەکەن.
ئەم وەرچەرخانە خێرایە لە کاتێکدایە، لە 25ـی ئایاری ڕابردوودا، وەزارەتی دارایی عێراق تەموویلی مووچەی مانگی ئایاری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕیاریش وایە مانگانە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکرێت.
جێی ئاماژەیە ئەم ڕێوشوێنە نوێیانە دەرەنجامی سەردانە فەرمییەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدایە لە ڕۆژانی 23 و 24ـی مانگی ڕابردوودا، کە تێیدا بەڵێن بە هەرێمی کوردستان درا لەمەودوا مانگانە و لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستانیش بەبێ دواکەوتن ڕەوانە بکرێت، لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاسپێردراوە کە مانگانە لیستی مووچە بەبێ هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی و لە کاتی دیاریکراودا ئامادە بکات تا پرۆسەکە بەردەوامی هەبێت.