پایتەخت

دەیان چەکی جۆراوجۆر لەناو ماڵی جێگری وەزیر دۆزرایەوە

دەیان چەکی جۆراوجۆر لەناو ماڵی جێگری وەزیر دۆزرایەوە
کورتە

سێ ملیۆن دۆلار و چەک لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە! نهێنییەکی شۆکهێنەر لەسەر بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرا بوو.

شەممەی ڕابردوو عەدنان جومەیلی، جێگری وەزیری نەوتی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی دەستگیرکرا، هێزەکانی دەستەی دەستپاکی لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرت.

بەپێی ئەو زانیاری و وێنانەی لە میدیاکانی عێراقدا بڵاوکراونەتەوە، هێزێکی سەر بە دەستەی دەستپاکی چووبوونە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی "شوێش" سەر بە پارێزگای سەڵاحەددین بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگەی زیاتر لەسەر کەیسی گەندەڵییەکەی، بەڵام لەوێدا ڕووبەڕووی کۆگایەکی گەورەی چەکی سووک و مامناوەند بوونەتەوە کە لەناو ماڵەکەدا حەشاردرابوون.

سەرەتای دۆسیەیەکی سەدان ملیۆن دۆلاری سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسە باڵایە تەنیا سەرەتای زنجیرەیەکە و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا پەردە لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵیی گەورەتر لابدریت کە بەهاکەی سەدان ملیۆن دۆلارە و دەیان کەسی دیکە لە ناوەندە جیاوازەکاندا تێوەگلاون.

دکتۆر غالب دەعمی، مامۆستای زانکۆ لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەم دۆسیەیە پرسێکی گەندەڵیی یەکجار گەورەیە و لەسەر ئاستی باڵا کاری لەسەر دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەدوای ئەم کەیسەدا پرۆسەی دەستگیرکردن و ئاشکراکردنی تێوەگلانی بەرپرسی دیکەش دەبینرێت، ئەم هەنگاوانەش لە کۆتاییدا متمانەی هاووڵاتییان بە قەوارەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی بەهێزتر دەکات.

01 حوزەیران 2026 11:37
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026