هاوکاری دارایی هاوپەیمانان دابەش دەکرێت
وادەی دابەشکردنی هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 4ـی ئەمساڵ دیاریکرا
وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتنی هاوکارییە دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی مانگی 4 ڕاگەیاند و وادەی دابەشکردنی بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دیاری کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە لەلایەن ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاوکراوەتەوە، هاوکارییە داراییەکەی هاوپەیمانان بەفەرمی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە، هەروەها ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنەکە بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەفەرمی دەست بە دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکەی مانگی چوار بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دەکرێت.
جێی ئاماژەیە، ئەم هاوکارییە داراییانە لە چوارچێوەی پرۆگرامی پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەمەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکان.