هۆشدارییەکی تووند بە خاوەنکارەکان دەدرێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هۆشدارییەکی تووند دەداتە خاوەنکارەکان و سزای قورس چاوەڕێی سەرپێچیکارانە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ڕایگەیاند کە وەرگرتنی کۆمپیالە "کەفالەتی دارایی" یان ناچارکردنی کرێکاران بە خۆقەرزارکردن لەلایەن خاوەنکارانەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەم بڕیارە پاڵپشت بە یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987 و ڕێنماییەکانی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراوە، تێیدا جەخت کراوەتەوە کە ناچارکردنی کرێکاران بە واژۆکردنی پابەندیی دارایی، چ وەک مەرجێک بۆ دامەزراندن یان بۆ بەردەوامبوون لە سەر کار، سەرپێچییەکی ڕوونی یاساییە.
حکومەت ئاگادارییەکی تووند ئاڕاستەی سەرجەم ئەو خاوەنکارانە دەکات کە پێشتر ئەم کارەیان کردووە، داوایان لێدەکات بە زووترین کات هەموو ئەو پابەندییە داراییانەی لەسەر کرێکاران دایانناوە هەڵبووەشێننەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار هۆشداری دەدات کە هەر خاوەنکارێک پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە، چونکە ئەم ڕەفتارە وەک ئامرازێکی فشاری نایاسایی لە دەرەوەی بەندەکانی گرێبەستی کار سەیر دەکرێت.
حکومەت داوا لە سەرجەم کرێکاران دەکات کە ڕێگە نەدەن ئەم پێشێلکارییەیان بەرامبەر بکرێت. بۆ پاراستنی مافەکانیشیان، هێڵێکی گەرم و چەند ژمارەیەکی تایبەت تەرخانکراون بۆ ئەوەی کرێکاران بتوانن بە شێوەیەکی "نهێنی و پارێزراو" سەرپێچییەکان ڕاپۆرت بکەن:
هێڵی گەرمی هۆشیاریی کرێکاران ژمارە: 5500
پەیوەندی تەلەفۆنی، واتساپ و ڤایبەر (بۆ پەیامی دەنگی یان نووسین):
0751 122 5500 -
0772 122 5500 -
دەتوانیت لە رێگەى سیستمى سکاڵاى ئەلیکترۆنى لە رێگەى ئەم بەستەرەى خوارەوە سکاڵا تۆمار بکەیت و ئاگادارمان بکەیتەوە:
https://skala.gkrd.krd/ComplianceProcess
بۆ بینینى بەڵگە فەرمییەکان سەردانى پۆرتاڵی کار بکە:
https://kar.molsa.gov.krd/…/f8357ddf-32ca-4016-81bd..