یەکێتی له ته‌نگانه‌دا نانی سفره‌ی خەڵکی دەخوارد و ئێستاش لووتی لە ئاسمانە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی، مەحموود مەمەد ئاغا، چاودێری سیاسی ڕاگەیەندراوێکی تووندی لە دژی یەکێتی بڵاوکردەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی دامەزراندنیدا و گۆڕانی پێکهاتەی حزب لە کۆشکەکانی شاخەوە بۆ کۆشکەکانی شار و ململانێی سێبەر لە شارەکەدا، هەروەها بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی.
چاودێری سیاسی مەحموود مەمەد ئاغا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک لە یادی دامەزراندنی یەکێتی بە تووندی ڕەخنە لە یەکێتی دەگرێت و ڕایدەگەیێنێت، یەکێتی لە کاتێکدا یادی دامەزراندنی دەکاتەوە، کە ڕەخنە و سەرنجەکان لەسەر گۆڕانی شوناس، گوتار و پێکهاتەی ناوخۆیی ئەم حیزبە لە زیادبووندان، حزبێک کە ڕۆژگارێک بە پشتبەستن بە سەکردایەتییەکی مێژوویی، ئەدەبیاتێکی شۆڕشگێڕانە و فەرماندە چاونەترسەکانی شاخ دەناسرایەوە، ئێستا بە گوتەی چاودێران و مێژوونووسانی سیاسی، ڕووبەڕووی قەیرانی ناسنامە و گۆڕانی ئاڕاستە بووەتەوە، بە شێوەیەک کە پێگەی سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیری و پێشکەوتنخوازی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
دەقی بڵاوکراوەکەی مەحموود مەمە ئاغا:
بۆیادی دامەزراندنی حزبی شەهیدان
دەمامکی حزب و حزبی سێبەر: یەکێتی لە کۆشکەکانی شاخەوە بۆ گوندە گەورەکەی سلێمانی
له یادی دامه‌زراندنی یەکێتیدا، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان داده‌نوێنم، جا نازانم لێرەدا پیرۆزباییتان لێ بكه‌م یان دووجار سه‌ره‌خۆشیتان ئاڕاستە بکەم؛ یه‌كه‌م بۆ ئەو قوربانییه گه‌وره‌یه‌ی به‌خشیوتانە به‌م حیزبە، دووه‌میش بۆ ئەوەی پێتان بڵێم ئەو حیزبه ئیتر موڵكی ئێوه نه‌ماوه و هیچ به‌هایه‌كیشتان بۆ دانانێن، ده‌زانم ئه‌مه دووجار جه‌رگسوتانی ئێوه‌یە.
ئه‌گه‌ر جاران مام جه‌لال له میتینگی هه‌زاران كه‌سیدا په‌یامی یه‌كێتیی نیشتمانیی ده‌گه‌یانده جه‌ماوه‌ر، ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا شێركۆ بێكه‌س به ئه‌ده‌بیات و شیعرە ناوازه‌كانی، هه‌ست و سۆزی شۆڕشگێڕانه و نه‌ته‌وه‌یی ده‌وروژاند؛ ئه‌گه‌ر پێشتر سه‌ركردە و كادیرە دێرین و به‌ئه‌زموونه‌كان شرۆڤه‌ی سیاسه‌ته پێشكه‌وتنخوازییه‌كانی حیزبیان ده‌كرد و فه‌رماندەی وه‌ك شه‌هید سیروان تاڵەبانی حەمە رەش و ، مامه ڕیشه‌ی چاونه‌ترس، ئازادی سه‌گرمە، مام ڕۆسته‌م و عوسمانی حاجی مه‌حموود پێشه‌نگی هێزی پێشمه‌رگه بوون؛ وه ئه‌گه‌ر جاران جڵه‌وی گۆڕه‌پانی چالاكییه‌كانی حزب له‌ده‌ست كه‌سایه‌تیی ئازای وه‌ك لاهور تاڵه‌بانیدا بوو، ئێستا ئیتر ئه‌و قۆناغه زێڕینه‌ی یه‌كێتی كۆتاییهاتووه، نكۆڵی له‌وه ناكرێت كه له ئێستادا كۆمه‌ڵێك داموده‌زگای نافه‌رمی و سێبه‌ر، و تاقمێك ئاژیتاتۆری نه‌خوێنده‌وار و نه‌شاره‌زا، بوونه‌ته پێشقه‌ڕاوڵ و ده‌مڕاستی ئه‌و حیزبه.
یه‌كێتیی نیشتمانی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی وته‌بێژ و ده‌یان فه‌رمانگه، نووسینگه، میدیا، كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی و پێگه‌ی فه‌رمییه، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن سیاسه‌ت و بیروڕای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی تێدا بڵاو ده‌كاته‌وه؛ ئه‌م ئه‌ركه‌ی به كۆمه‌ڵێك میدیای سێبه‌ر، بازرگانی ساختەچی و چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی ده‌مامكداری نێو هێزه ئه‌منییه‌كان سپاردووه.
ئه‌و ده‌زگا و میدیا فه‌رمییانه‌ی كه ڕۆژانه و مانگانه به دەیان ملیۆن دۆلار له سه‌روه‌ت و سامانی وڵات هه‌ڵده‌لووشن، ته‌نیا بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی حیزبی و تاكه‌كه‌سی ته‌رخانكراون.
ئه‌ركی ئه‌وان به‌لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی، بچووك نیشاندانی كێشه حه‌قیقییه‌كانی خه‌ڵك و گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی دیارده پڕوپووچه‌كانه. ئه‌وان بێ‌وچان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ پیرۆزكردنی حیزب و سه‌رۆك، تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌ژاری، بێمووچه‌یی، بێكاری، گه‌نده‌ڵی و ده‌یان گرفتی دیكه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌بیر خه‌ڵك ببه‌نه‌وه.
ده‌یانه‌وێت كاره‌سات و سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌گبه‌تییانه بشارنه‌وه كه به‌سه‌ر خاك و خه‌ڵكی كوردستاندا هێناویانداوە، دەیانەوێت كه‌س بیر له‌وه نه‌كاته‌وه كه سلێمانی كه سه‌رده‌مانێك به شاری شاران و لانكه‌ی پێشكه‌وتنخوازی و ڕۆشنبیری ناوبانگی هه‌بوو بۆچی ئێستا له گوندێكی گه‌وره‌ی له‌بیركراوی بێخزمەتگوزاری ده‌چێت؟
ده‌یانه‌وێت له‌ناوچوونی سروشتی ئه‌زمڕ و گۆیژه، داڕووخانی كه‌رتی كشتوكاڵ، بێئاوی، بێكاره‌بایی، كۆچی به‌كۆمه‌ڵی گه‌نجان، دۆخی ناله‌باری ئه‌منی و مایه‌پووچبوونی كه‌رتی تایبه‌ت بشارنه‌وه؛ تا كه‌س نه‌بینێت چۆن بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانی ده‌ڤه‌ره‌كه له‌ده‌ست سه‌رانه و باجی ناشه‌رعی ڕاده‌كه‌ن.
كێ ده‌زانێت گوتاری ئه‌مڕۆی یه‌كێتیی نیشتمانی چییه؟ كێ ده‌زانێت سیاسه‌ته مه‌یدانییه‌كانی، خزمه‌ت به كام پڕۆژه‌ی نیشتمانی ده‌كه‌ن؟ كه‌س ده‌توانێت به ڕوونی په‌نجه بخاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌ستی یه‌كێتی له ده‌وڵه‌تداری و حوكمڕانی چییه؟ ئه‌و حیزبه به‌پێی كام ئه‌جێندایه‌كی زانستی ده‌یه‌وێت خزمه‌ت به خه‌ڵك بكات؟
چۆن ده‌كرێت حیزبێك كه ده‌یان ساڵ له قۆناغی شاخ و شار، چ ئەو كاتانه‌ی له ئه‌شكه‌وت و خێوه‌تدا ده‌ژیا و چ ئێستاش كه له‌سه‌ر هه‌ر ته‌پۆڵكه‌یه‌ك ده‌یان كۆشك و هاوینه‌هه‌واری تایبه‌تی هه‌یه، له ته‌نگانه‌دا نانی سفره‌ی خه‌ڵكی كوردستانی خواردبێت و تێچووی حزبەکەی له گیرفانی هه‌ژاران دابین كردبێت، كه‌چی ئێستا له كاتی خۆشی‌دا لوتی له ئاسمان بێت و تۆسقاڵێك وه‌فای نه‌مێنێت؟ كه‌س هه‌یه، ئه‌گه‌ر له ڕووی ناچاری و بێده‌ره‌تانییه‌وه نه‌بێت، متمانه به حزب و ده‌سه‌ڵاتدارێكی له‌و شێوه‌یه بكات؟ ئه‌مانه پرسیارگه‌لێكی بێوه‌ڵامن كه پێویسته هه‌ر تاكێك له خۆی بكات.
هه‌موو حزبێك له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردندا بۆ ڕاكێشانی سه‌رنج و ده‌نگی زیاتر، باشترینه‌كانی خۆی و جوانترین پڕۆگرامی كار بۆ حوكمڕانی و ئاوه‌دانكردنه‌وه پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام با له خۆمان بپرسین، له دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا، پلان و به‌رنامه‌ی یه‌كێتی بۆ چاكسازی چی بوو؟ جگە له دەستەواژە بێ مانایانەی كە دەگوترا و باسی سیكس باگی خۆی دەكرد وكۆمه‌ڵێك دروشمی ڕووخێنه‌ر، هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمیك و هاتوهاواری بێ ناوه‌ڕۆك، كه‌س شتێكی دیكه‌ی له‌بیره؟
ئه‌وان ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كاتەش قسه‌یه‌كی نوێ یان لۆژیكییان پێ نه‌بوو، له‌بری دابه‌شكردنی ئاواتی جوان و ڕەخنەی بنیادنه‌ر، هه‌موو توانای خۆیان له‌سه‌ر چاندنی تووی ڕق، كینه، دووبه‌ره‌كایه‌تی و په‌لاماردانی لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌ڵچنی، حزبێك له‌و كاته‌ی كه زۆرترین پێویستی به ناساندنی باشترینه‌كانی هه‌بوو شتێكی بۆ گوتن نه‌بوو، ئێستا كه كه‌ره‌كه‌ی له ئاو په‌ڕیوه‌ته‌وه، پێتان وایه موعجیزه‌یه‌ك ده‌كات و ئاوڕ له‌م خه‌ڵكه ده‌داته‌وه؟
یه‌كێتیی نیشتمانی له‌بری قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان، خه‌ریكی قومارێكه كه دانە به دانه‌ی كارتەكانی تێدا ده‌سووتێنێت و پرده‌كانی پشتی سه‌ری خۆی ده‌ڕووخێنێت. له‌ناو ئه‌و حیزبه فه‌رمییه‌ی كه هه‌موومان ده‌یناسین، حیزبێكی سێبه‌ر خۆی حه‌شارداوه، حزبێك به كۆمه‌ڵێك داموده‌زگا، بازرگان، هێزی چه‌كدار و مێدیای سێبه‌ره‌وه. ئه‌مانه جگه له‌وه‌ی وه‌ك زه‌روو خوێنی ناو شادەمارەکانی كۆمه‌ڵگا ده‌مژن، چه‌شنی قه‌ڵغانێكیش بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی تاقمێك به‌كار دێن.
ئه‌مانه هه‌ر ئه‌و به‌رپرسه بازرگان و مامه‌ڵه‌چییه ساخته‌كان و ئه‌و هێزه ده‌مامكدارانه‌ن كه كاتێك نهێنییه‌كانیان خه‌ریكه ئاشكرا ده‌بن، ده‌كه‌ونه جموجۆڵ، ئه‌وكاته‌یه كه ئامرازه‌كانی گوشار، شه‌پۆله‌كانی پڕوپاگه‌نده، هێزی ئه‌منی بێ پێناسه، چه‌كداری چایچی‌كوژ و باج و سه‌رانه‌ی ناشه‌رعی دێنه به‌ر چرا و ڕوخساره ڕاسته‌قینه و شاردراوه‌كه‌ی حیزب ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه پێی وایه تا كه‌ی ده‌توانێت به ماكیاژ و ماسك ڕوخساری خۆی سواغ بدات؟ به‌ڕاستی پێیان وایه ده‌توانن چیتر خه‌ڵكی كوردستان به كه‌م بگرن و گاڵته به عه‌قڵییه‌تی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن؟
پێكهاته‌ی حزب له‌نێو حزبدا و ئه‌م قه‌واره ئاڵۆز و بێسه‌رووبه‌ره‌یه، ته‌نیا ئاوێنه‌یه‌كه بۆ ئه‌و ڕاستییه تاڵه‌ی كه حزبێكی سیاسیی خاوه‌ن هه‌زاران شه‌هید و قوربانی، چۆن گیرۆده‌ی وه‌ها چاره‌نووسێك بووه، بۆ حزبێكی سیاسی و به‌تایبه‌تیش بۆ كۆمه‌ڵگا، چی له‌وه مه‌ترسیدارتره كه حزبی سه‌ره‌كی و فه‌رمی، ڕۆڵی ده‌مامك بگێڕێت بۆ پاراستنی حزبه سێبه‌ره حه‌شاردراوه‌كه‌ی ناوخۆی؟ ئه‌مه سه‌ره‌تای قۆناغێكی مه‌ترسیدارتر و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌تره.