مەزڵووم عەبدی بەڵێنی گەڕاندنەوەی سەرجەم دیلەکان دەدات
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەگەڵ کەسوکاری ئەو دیلانەی هێشتا لە زیندانەکاندان بڵاوبوویەوە.
هەسەدە و دیمەشق لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان بەردەوامن و مەزڵووم عەبدی بەڵێنی گەڕاندنەوەی سەرجەم دەستگیرکراوەکان دەدات.
فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" جەخت لەسەر بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسی و مەیدانییەکانی دەکاتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دیلەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم پرسە لە دەستپێکی کارە لەپێشینەکانیاندایە.
ئەم هەڵوێستە لە میانەی کۆبوونەوەیەکی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەدا هات لە کۆبانێ، کە تێیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئازادکراوانی قۆناغەکانی ڕابردوو و کەسوکاری ئەو دیلانەی هێشتا لە زیندانەکاندان کۆبوویەوە. عەبدی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: "بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەرجەم دەستگیرکراوەکان بۆ ناو خێزانەکانیان، بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسیەکە دەکەین و هێزەکانمان پابەندن بە ئازادکردنی دواین دیل."
پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەدەچێت، بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 800 کەس لە هەردوولا ئازادکراون، بەڵام هێشتا نزیکەی 300 کەسی دیکە لە زیندانەکاندا ماونەتەوە و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان دەکەن، لە دووشەممەی ڕابردوو قۆناغی پێنجەمی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا، کە تێیدا دیمەشق 88 دیلی دیکەی سەر بە هەسەدەی ئازاد کرد.
لە بەرامبەردا کەسوکاری ئەو دیلانەی کە هێشتا ئازاد نەکراون، لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانیی خۆیان لە خاوبوونەوەی پڕۆسەکە دەربڕی. ئەوان ڕەخنەیان لە شێوازی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن حکومەتی سووریاوە گرت و داوایان لە فەرماندەیی هەسەدە کرد فشارەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ پەلەکردن لە ئازادکردنی کوڕەکانیان، تاوەکو کۆتایی بەو چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێیە بهێنرێت کە خێزانەکانیان تێیدا دەژین.