ئیسرائیل گرینگترین شوێنی ستراتیژی لە لوبنان داگیرکردەوە
ئۆپەراسیۆنی فراوانی ئیسرائیل لە لوبنان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی تووشی ئاوارەبوون کردووە.
سوپای ئیسرائیل گەیشتە یەکێک لە ستراتیژیترین شوێن لە باشووری لوبنان و هاوشێوەی ساڵانی 80ـکان، ناوچە لەدەستچووەکانی لوبنان وەربگرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای چەندین ڕۆژ لە شەڕی قورس دژ بە گرووپە چەکدارەکانی حزبوڵڵای لوبنان و بۆردوومانی گوندەکانی دەورووبەری باشووری لوبنان، توانییان بگەنە ناوچە شاخاوییەکان و دەست بەسەر قەڵای دێرینی بیوفۆرت لە نزیک شارۆچکەی نەبەتیا دا بگرن.
قەڵای بیوفۆرت بە یەکێک لە ستراتیژترین شوێن لە باشووری لوبنان دادەندرێت و دەکەوێتە سەر ڕووباری لیتانی، پێشووتر لە ساڵی 1982 سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەر قەڵاکەدا گرت، دواتر لە ساڵی 2000 لە قەڵاکە و لوبنان کشایەوە و دوای 26 ساڵ، جارێکی دیکە دەستی بەسەردا گرتەوە.
لەلای خۆیەوە ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، فەرماندەیی باکوور دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی سەربازی لە بەرزاییەکانی "شەقیق و ناوچەی وادی سلوقی" لە باشووری لوبنان کردووە، ئەمەش بە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا، بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی ئۆپراسیۆنی لە باشوور و لادانی هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر ناوچەی "هێڵی سنووری رۆژهەڵاتی فەڵەستین و شارۆچکەی متەڵە."
دوایین جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان لە 2-3-2026 دەستیپێکردەوە، دوای ئەوەی لە کاتی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، حزبوڵڵا مووشەکی ئاڕاستەی باکووری ئیسرائیل کرد. لەبەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد و چەندین گوند و شارۆچکەی سنوورەکانی لوبنانی داگیرکرد. بەگوێرەی داتاکان، 3 هەزار و 350 کەس لە لوبنان لە سەرەتای ئەم جەنگەوە کوژراون و زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.