عەلی زەیدی جەنگی دژی گەندەڵی ڕاگەیاندووە
دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق لە گەندەڵی پاکدەکرێنەوە.
لە هەنگاوێکی نوێی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پەردە لەسەر فایلی ڕێککەوتنی پەیوەست بە خانووبەرە و وەبەرهێنانی حکومەت هەڵدەدرێتەوە.
عالیە نسیف، پەرلەمانتاری عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەنگی دژی گەندەڵی ڕاگەیاندووە، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە وردبینیكردنی گرێبەستە حکومییەكان و پێکهێنانی ئەنجوومەنی سیادی بۆ دەستپاکی پێکدەهێنێت.
بە گووتەی ئەم پەرلەمانتارەی عێراق، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی "گەڕانەوەی ملیۆنان دۆلاری دزراوی خەڵک"، ڕێگریکردن لە دزیکردن لە خەزێنەی گشتی و پاککردنەوەی دامودەزگاکانی حکومەت لە گەندەڵی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی عالیە نسیف دا هاتووە، چاوەڕوان دەکەن پەردە لەسەر فایلی ڕێککەوتنە سەرەکییەکانی حکومەت، وەک زەوی و خانووبەرە و وەبەرهێنان هەڵبدەنەوە.