پایتەخت

بەهۆی پڕبوونی هۆتێلەکان بڕیارێکی تایبەت بۆ گەشتیاران دەدرێت

بەهۆی پڕبوونی هۆتێلەکان بڕیارێکی تایبەت بۆ گەشتیاران دەدرێت
کورتە

بەهۆی هاتنی جەژنی قوربان، ئەمساڵ ڕێژەی گەشتیاران هێندە لە سلێمانی زۆر بوو، هۆتێلەکان پڕ بوون و خەڵک بە ناچاری لە پارکەکان دەخەوتن.

ماوەی چەند شەوێکە بەهۆی لێشاوی هاتنی گەشتیاران بۆ پارێزگای سلێمانی و پڕبوونی تەواوی هۆتێل و مۆتێلەکان، ڕێگە بە بەشێک لە خێزانە گەشتیارەکان دەدرێت شەوانە لە پارک و باخچە گشتییەکاندا بمێننەوە، هێزە ئەمنییەکانیش ئەرکی پاراستنیان گرتووەتە ئەستۆ.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ڕایگەیاند: "لە بارودۆخی ئاساییدا مانەوەی شەوانە لەناو پارک و باخچەکاندا بە هەموو شێوازێک قەدەغەیە، بەڵام بەهۆی هاتنی ڕێژەیەکی ئێجگار زۆری گەشتیاران و نەمانی شوێنی چۆڵ لە هۆتێل و میوانخانەکاندا، لە ئێستادا ڕێگری لەو خێزانانە ناکرێت کە دەیانەوێت لەناو پارکەکاندا بمێننەوە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دەزگای ئاسایشی سلێمانی بە تەواوی ئاگاداری دۆخەکەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ چاودێرەکانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان، شەوانە سەرقاڵی پاراستنی سەر و ماڵی ئەو خێزانانەن کە لەناو پارکەکاندان بۆ ئەوەی لە کەشێکی ئارامدا کاتەکانیان بەسەر ببەن.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو خێزانانەی کە لە باخچەکاندا ماونەتەوە، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ئاشکرای کرد کە تەنها لە شەوی ڕابردوودا 35 خێزان لە باخی گشتی ماونەتەوە، جەختیشی کردەوە کە ژمارەی ئەو خێزانانەی لە پارکی ئازادی ماونەتەوە زۆر لەوە زیاتر بووە.

سلێمانی لە وەرزەکانی گەشتوگوزاردا دەبێتە جێگەی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوڕاست و باشووری عێراق، ئەمەش کەرتی گەشتوگوزاری شارەکە ڕووبەڕووی پێویستیی زیاتر بە ژێرخانی نیشتەجێبوون دەکاتەوە.

30 ئایار 2026 17:05
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026