پایتەخت

وادەی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا کرا

 وادەی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا کرا
کورتە

پایتەخت میدیا وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان ئاشکرا دەکات

مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوەکو ئێستا دابەش نەکراوە، نوێنەرانی مامۆستایان موژدەی هاتنی مووچە دەدەن.

 

ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، مووچەی مانگی پێنجی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش کرا.

 

ئەمڕۆ شەممە عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی کردووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست، بەڵام بەڵێنی ئەوەیان داوە ئەم هەفتەیە دابەش بکرێت.

 

لای خۆیەوە محەممەد نەجیب، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەستی خوێندنی باڵا بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لامان وابوو پێش جەژنی قوربان مووچە دابەش بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەغدا ئەم مانگە نزیکەی 70 ملیار دینار کەمتر لە شایستەی دارایی هەرێمی ناردووە دابەش نەکرا.

 

 محەممەد نەجیب ئاماژەی بەوە دا، چاوەڕوانم کە سبەی یەکشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێت، ئەگەر نا ئەگەری دواکەوتنی زیاتری دەبێت.

 

بەپێی دوایین داتا فەرمییەکان، ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 393 مامۆستایە و لە وەزارەتی خوێندنی باڵاش 4 هەزار و 100 مامۆستا پێک دێت.

30 ئایار 2026 20:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026