نەورۆڵی بەهۆی خەڵووزی نێرگەلەی گەشتیاری عەرەب سووتا
سێ گەشتیاری عەرەب بەهۆی نێرگەلەکێشانەوە ناوچەیەکیان سووتاند
دوای سووتانی زیاتر لە 50 دۆنم زەوی لە ناوچەی نەورۆڵی، بکەرانی ڕووداوەکە دەستگیرکران و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی سیروان توانیویانە سێ تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب دەستگیربکەن، کە بەهۆی خەڵووزی نێرگەلەوە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە گوندی کەوتەی ناوچەی نەورۆڵی.
پۆلیسی هەڵەبجەی ئاماژەی بەوە دا، لە ئێستادا هەر سێ تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی یاسایی 343 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی کراونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 50 دۆنم زەوی لە ناوچەی نەورۆڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بە 'بەهەشتی سەر زەوی' ناسراوە، سووتا کە ئەمساڵ ترێندی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بوو.