یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ
ئەو یارییەی هەمووان چاوەڕوانی بوون دەستپێدەکات؛ کێ مێژوو دەنووسێتەوە؟
ئەمشەو لە شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا، کاتژمێر 7:00ی ئێوارە، یاریی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە نێوان هەردوو یانەی ئارسێناڵی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەڕێوەدەچێت.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تەنها ململانێ نییە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، بەڵکو جەنگێکە بۆ چەسپاندنی پێگەی هەردوو یانە لە ڕیزی گەورەکانی کیشوەرەکەدا، یانەی ئارسناڵ "تۆپچییەکانی لەندەن" هەوڵدەدات بە بەدەستهێنانی یەکەمین نازناوی مێژوویی خۆی ناسنامەیەکی نوێی ئەوروپی بۆ خۆی تۆمار بکات، لە بەرامبەردا پاریس سانجێرمان "کوڕانی باخچەی شازادەکان" دەستبەرداری نازناوەکە نابێت و دەیەوێت بیسەلمێنێت کە پاڵەوانبوونی وەرزی ڕابردوویان، کە یەکەمین جامیان بوو لە مێژوویاندا بە ڕێککەوت نەبووە.
مێژووی تۆپی پێ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم یاری کۆتاییە ڕووداوێکی دەگمەنە، ئەمە تەنها چوارەمین جارە لە مێژووی جامی ئەوروپای جاران و چامپیۆنزلیگی ئێستادا، دوو یانەی نوێنەری دوو پایتەختی جیاواز لە یاریی کۆتاییدا ڕووبەڕووی یەک ببنەوە، کە دواین جار زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا تۆمارکرابوو.
مێژووی یاری کۆتایی پایتەختەکان بەم شێوەیە بووە:
جاری یەکەم :(1962): لە نێوان بێنفیکای پورتوگال و ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیا بوو، کە تێیدا بێنفیکا بە ئەنجامی 5-3 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
جاری دووەم :(1966) ڕیاڵ مەدرید گەیشتەوە یاری کۆتایی و بەرامبەر پارتیزانی سربی یاریی کرد، تێیدا ئیسپانییەکان بە ئەنجامی 2-1 نازناوەکەیان بردەوە.
جاری سێیەم :(1971) زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا لە نێوان ئایاکسی هۆڵەندی و پاناتینایکۆسی یۆنانی بوو، کە بە دوو گۆڵی بێ وەڵام بەسوودی ئایاکس کۆتایی هات.
ئەمشەو بوداپێست دەبێتە شاهێدی نووسینەوەی چوارەمین لاپەڕەی ئەم مێژووە دەگمەنە لە نێوان لەندەن و پاریس دا.