پایتەخت

لە بەغدا منداڵێک بە دوو سەرەوە لە دایکبووە

لە بەغدا منداڵێک بە دوو سەرەوە لە دایکبووە
کورتە

حاڵەتێکی منداڵ لەدایکبوون پزیشکانی بەغدای تووشی شۆک کرد.

لە ڕووداوێکی پزیشکی دەگمەندا، لە نەخۆشخانەی فێرکاریی یەرمووک لە بەغدا، منداڵێک بە دوو سەرەوە لەدایکبوو، دایکی منداڵەکە کە تەمەنی 45 ساڵە و خاوەنی شەش منداڵی دیکەیە، لە ڕۆژانی جەژندا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە.

پێشتر لە کاتی پشکنینە ئاساییەکانی قۆناغی دووگیانیدا، بە دایکەکە ڕاگەیاندرابوو کە منداڵەکەی دووانەیە، بەڵام بەهۆی دیارنەکەوتنی وردەکاریی پێویست، پزیشکەکان نەیانزانیبوو کە حاڵەتەکە تێکەڵاوبوونی جەستەیی کۆرپەلەکەیە و بە دوو سەرەوە لەدایک دەبێت.

لە کاتی پرۆسەی منداڵبوونەکەدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ڕێژەی شەکرە لە خوێنی دایکەکەدا، بارودۆخی تەندروستیی لێکترازاوە و پزیشکەکان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لەو کاتەدا و بە شێوەیەکی لەناکاو بۆیان دەرکەوتووە کە کۆرپەلەکە یەک جەستە و دوو سەری هەیە، ئەمەش وایکردووە تیمە پزیشکییەکە دەستبەجێ بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی گەورەتر و فریاگوزاری بدەن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی دایکەکە و کۆرپەلەکە.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئێستایان، سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی یەرمووک ڕایانگەیاندووە، باری تەندروستیی دایکەکە جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە، بەڵام باری تەندروستیی کۆرپەلە دوو سەرەکە ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

30 ئایار 2026 13:28
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026