پایتەخت

جەژنانەیەکی گەورە لە بەغداوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم گەیشت

جەژنانەیەکی گەورە لە بەغداوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم گەیشت
کورتە

هەواڵە خۆشەکە گەیشت: مووچە لە ڕۆژانی جەژندا دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی عێراق، بە یەک گوژمە بڕی 950,000,000,000 دیناری بۆ مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کرد و پارەکەی خستە سەر هەژماری بانکی ناوەندی لقی هەولێر.

 

بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پارەکە وەربگرێت و ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات. لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قوربانیشدا پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

 

ئەم هەنگاوەی بەغدا لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڕی 50,000,000,000 دیناری وەک داهاتی نانەوتی مانگی ئایار بەشێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

 

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەغداوە گوتی: حکومەتی فیدراڵ بەڵێنی داوە تا پێش هاتنی جەژنی قوربان مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی کوردستان خەرج بکات و بڕی پارەکە بنێرێت.

 

هەروەها هەر دوێنێ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە بەغداوە ڕایگەیاند، عەلی زەیدی فەرمانی بە وەزارەتی دارایی کردووە مووچەی هەرێم وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق دابەش بکرێت و جەختی کردووەتەوە کە نابێت هیچ جیاکارییەک بەرامبەر هەرێم بکرێت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە 3ی ئایاری 2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی (4)ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا و لە 16ی ئایاری 2026 کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە هات.

25 ئایار 2026 10:27
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026