پایتەخت

بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکرا

 بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکرا
کورتە

بەغدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر و سلێمانی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر و سلێمانی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی گرنگی راگەیاند، کە تێیدا یەکێک لە گەورە بازرگانانی ناوخۆیی دەستگیرکراوە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای دیالە، بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ و پێدانی زانیاریی گرنگ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر و سلێمانییەوە، توانیویانە بازرگانێکی مەترسیداری ناوخۆیی دەستگیر بکەن کە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە داواکراو بووە.

 

ئۆپەراسیۆنەکە دوای قۆناغێکی وردی کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی جووڵەکانی تۆمەتبارەکە ئەنجامدراوە، عەباس بەهادلی گوتی: "لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا دەست بەسەر بڕی 11.5 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانا دا گیراوە، کە تۆمەتبارەکە بە مەبەستی بازرگانیکردن و دابەشکردن لەناوخۆدا حەشاری دابوون".

 

ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە نیشانەیەکی ڕوونی پەرەسەندنی ئاستی هەماهەنگی ئەمنی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستانە لە شەڕی دژ بە ماددە هۆشبەرەکاندا، لە ئێستاشدا سەرجەم رێکارە یاساییە تووندەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراونەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە تاوەکو ڕادەستی دادگا بکرێت.

 

لە کۆتاییدا عەباس بەهادلی گوتی، "بەڕێوەبەرایەتییەکانی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر و سلێمانی  زانیاریی گرنگیان پێداوین کە هاوکاربوون بۆ دەستگیرکردنی". هەروەها گووتیشی: "دەستگیرکراوەکە بازرگانی ناوخۆیی و ماددە هۆشبەرەکانە و داواکراو بووە".

26 ئایار 2026 23:27
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026