پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنەوە
سەرۆک بارزانی: پیرۆزبایی تایبەت ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەکەم
سەرۆک بارزانی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم، پیرۆزبایی تایبەتیش ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم، لەو بۆنە پیرۆزەدا لە خودای گەورە داواكارم خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و جیهان بەدی بهێننێت.
لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی لە موسڵمانان و هاووڵاتیان، داوایەکی بەپەلە و گرنگی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ کۆتایهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، "پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن." هاوکات بە تووندی ڕەخنەی لەو بارودۆخە گرت کە ماوەیەکە پرۆسەی سیاسی هەرێمی پێدا تێپەڕ دەبێت و بە "ململانێی بێ ئەنجام و خۆخۆری" ناوی برد، ئەو جەختی کردەوە کە ئەم دۆخە زیانی بە پرۆسەی سیاسی گەیاندووە و کاتی هاتووە لایەنەکان وازی لێ بهێنن.
هەروەها لە پەیامەکەدا هاتووە کە پێویستە ڕاستەوخۆ لە دوای جەژنی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە هەستی نیشتمانپەروەرییەوە پێکەوە کۆببنەوە، سەرۆک بارزانی ئەم هەنگاوەی بە "ئەرکێکی ویژدانی، نەتەوەیی و نیشتمانی" وەسف کرد بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی ئێستا و گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی ڕاستی سیاسی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە سەرەتایەک بۆ باشتربوونی گوزەران و بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان، تێپەڕاندنی قەیرانەکان، و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، هەروەها پیرۆزبایی تایبەتی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان کرد.