بە نایاسایی حەج بکەن بە 26 هەزار دۆلار سزاتان دەدین
سزای 26 هەزار دۆلاری بۆ ئەو کەسانەی بە نایاسایی حەج دەکەن
وەزارەتی ناوخۆی سعودییە سزایەکی دارایی قورسی بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی هەوڵی ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سعودییە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە، لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت بچێتە نێو شاری مەککە و شوێنە پیرۆزەکان یان هاوکاری کەسانی دیکە بکات بۆ ئەم مەبەستە، بە بڕی 100000 ڕیاڵی سعودی سزا دەدرێت، کە دەکاتە زیاتر لە 26000 دۆلاری ئەمریکی، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ڕێکخستنی وەرزی حەجی ساڵی 1447ی کۆچی دێت، کە ئامانج لێی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی گشتییە.
دلێر جەبار بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ خاڵەکانی پشکنین لە سەرانسەری سعودییەدا بە چڕی بڵاوەیان پێکراوە، بە گوتەی ئەو هەموو حاجییەک کارتی پێناسی زیرەکی پێیە کە بە کارتی نوسک ناسراوە و بارکۆد و سیمکارتێکی تایبەتی لەگەڵدایە، ئەم کارتە زانیاری تەواوی حاجیەکەی تێدایە و بەبێ ئەو کارتە تەنانەت ڕێگە بە چوونە ناو مەککە و ئەنجامدانی تەوافیش نادرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر حاجییەک کارتەکەی بداتە کەسێکی دیکە، هەردووکیان ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
ئەم ڕێکارە تووندانەی سعودییە لە کاتێکدا دێن کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری سەرپێچیکار و دروستبوونی قەرەباڵخی چاوەڕواننەکراو، چەندین حاجی لە ڕۆژی عەرەفەدا گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی ناوخۆی سعودییە داوای لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکە کردووە لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەکدا لایەنە بەرپرسەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکان بکرێت.