مەسرور بارزانی ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات
مەسرور بارزانی لە بەغدا پەردە لەسەر ڕاستییەکان لا دەدات، بێدەنگی لەبارەی دۆسیەی چەکە نێردراوەکانی ئەمریکا دەشکێنێت
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکێشەی دۆسیە ئەمنییە تەمومژاوییەکانی گۆڕی و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ڕادەستکردنی چەک نییە لەلایەن ئەمریکاوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە.
دوای تەواوبوونی دیدارەکە، سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ناردنی چەک بۆ کورد و ڕایگەیاند، پێویستە ئەم پرسیارە لە خودی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بکرێت، چونکە ئەوان دەزانن چەکەکەیان ڕادەستی کێ کردووە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، وەک حکومەتی هەرێم هیچ ئاگادارییەکیان لەم بابەتە نییە و پێویستە ئەو لایەنەی چەکەکەی وەرگرتووە ئاشکرا بکرێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئیدارەکەی لە کاتی شەڕی (ئەمریکا و ئێران) بڕێکی زۆری لە چەک پێشکەش بە کورد کردووە.