چیتر ناتوانیت لە ماڵەکەت ئاژەڵ سەرببڕیت
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بڕیارێکی نوێ و تووندی سەبارەت بە ڕێکارەکانی قوربانیکردن لە جەژنی قوربانی ئەمساڵدا دەرکرد
بە مەبەستی پاک ڕاگرتنی شۆستە و شەقامەکان و بڵاونەبوونەوەی نەخۆشی، سەرۆکایەتی شارەوانی بڕیارێکی بۆ ئەو کەسانەی بەنیازن لە جەژنی قوربان ئاژەڵە سەرببڕن بە مەبەستی قوربانی کردن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، پێویستە ئەنجامدانی قوربانی لە کوشتارگەکاندا بکرێت، بە پێچەوانەوە لەسەر شەقام، گەڕەک و ناو ماڵاندا ڕێگەپێدراو نییە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕوو ڕێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات، خاوێنی شۆستە و شەقامەکان ڕابگرن و سەرپێچی ڕێنماییەکان مەکەن، چونکە بەو کارە دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی و شێواندنی ژینگە و پیسکردنی شۆستە و شەقامەکان.
لە درێژەی بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات، لەسەر ئەم بابەتە بەشداری هەڵمەتێکی هۆشیاریی بکەن و هانی خێرەومەندان بدەن کە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی شارەوانیی و قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەری سلێمانی تاوەکو لە كوشتارگەكان ئاژەڵەكانیان بۆ قوربانیكردن ئامادە بکەن.